وەزارەتی پەروەردە لۆگۆی تایبەت و فەرمی خۆی دەناسێنیت
وەزارەتی پەروەردەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لۆگۆی نوێی فەرمی وەزارەتەکەی بڵاوکردەوە، کە چەند رەهەندێکی فێربوون، زانست، گەشانەوە، نەتەوەیی و نیشتمانی تێدا کۆ کراوەتەوە.
لۆگۆکە ئەمڕۆ دووشەممە 13ی نیسانی 2026، بە فەرمی بڵاوکرایەوە و لەمەودوا هێمای فەرمی وەزارەتی پەروەردەی حکوومەتی هەرێمی کوردستانە. دیزاینەکەی بە شێوەیەکی واتادار کۆمەڵێک رەهەندی پەروەردەیی و نەتەوەیی لەخۆ دەگرێت:
پێکهاتە و واتاکانی لۆگۆکە
- کتێبی کراوە: بنکەی سەرەکی لۆگۆکەیە کە هێمایە بۆ زانست، خوێندن و فێربوون. لاپەڕە کراوەکان ئاماژەن بۆ دەستڕاگەیشتن بە زانیاری و کرانەوە بەڕووی جیهاندا.
- خۆری گەشاوە: لە ناوەڕاستی کتێبەکەدا خۆرێک هەڵدێت کە 21 تیشکی هەیە. ئەمە هێمایە بۆ رووناکی، هیوا و داهاتوویەکی گەش کە لە رێگەی پەروەردەوە بەدەست دێت. هەروەها ئاماژەیەکی راستەوخۆیە بۆ تیشکی درەوشاوەی خۆری نێو ئاڵای کوردستان .
- رەنگەکانی ئاڵا: بەکارهێنانی رەنگەکانی (سوور، سپی، زەرد، سەوز) ناسنامەیەکی نیشتمانیی بەهێز دەبەخشێتە لۆگۆکە و پابەندبوونی وەزارەت بە پاراستنی کولتوور و ناسنامە و خاکی کوردستان نیشان دەدات.