هەولێر دوای 4 یاری یەکەم بردنەوەی بەدەستهێنا

یانەی هەولێر دوای چوار یەکسانبوونی لەسەر یەک، ئەمجارەیان لە گەڕی 28ـی خولی ئەستێرەکانی عێراق و لە دەرەوەی یاریگای خۆی لە شاری بەغدا، بووە میوانی یانەی نەفت و لە کۆتاییدا یارییەکەی بە ئەنجامی 2-0 لە خاوەن یاریگا بردەوە.

یانەکەی قەڵا و منارە دوای یەکسانبوونەکانی لەسەر یەک بەرامبەر یانەکانی ( مووسڵ و غەڕاف و زەوڕا و نەفتی میسان )، ئەمجارەیان لە گەڕی 28ـی خولی ئەستێرەکانی عێراق و بە هیوای بردنەوە، بووە میوانی یانەی نەفت و لە کۆتاییدا توانی سێ خاڵی یارییەکە بباتەوە.

نیوەی یەکەمی یارییەکە لە خولەکی 47ـی کاتی زیادکراو، مارلن چۆپانۆڤ توانی گۆڵی یەکەمی یانەی هەولێر بکات و نیوەی یەکەم بەم تاکە گۆڵە کۆتایی هات. نیوەی دووەم لە خولەکی 80 ئاکۆ عوزێر ناوەڕاستکاری یانەی هەولێر بە کارتی سوور لە یارییەکە دەکرا و ئەرکی یانەکەی قورس کرد.

یاری بەردەوام بوو و گەیلان لوقمان ئەستێرەی یانەی هەولێر، دوای چەند خولەکێک لە هاتنە ناوی یاریگا، خولەکی 98 توانی گۆڵی دووەمی یانەکەی بکات و سێ خاڵی یارییەکەشی بۆ یانەکەی مسۆگەر کرد.

بەم بردنەوەیە یانەی هەولێر کۆی خاڵەکانی گەیاندە 56 خاڵ و گەرایەوە پلەی سێیەمی ریزبەندی خولی ئەستێرەکانی عێراق، بڕیاریشە هەولێر گەڕی داهاتوو رۆژی 18ـی ئەم مانگە، لە یاریگای شەهید فەڕەنسۆ هەریری میوانداری یانەی قاسم بکات.