شا چارلزی سێیەم دەچێتە ئەمریکا و لەگەڵ دۆناڵد ترەمپ کۆدەبێتەوە
کۆشکی باکینگهام بە شێوەیەکی فەرمی رایگەیاند، شا چارلزی سێیەم، پاشای بەریتانیا و شاژنە کامیلا، لە کۆتایی مانگی نیسانی داهاتوودا سەردانی واشنتن دەکەن و لەگەڵ دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا کۆدەبنەوە.
چوارشەممە 15ـی نیسانی 2026، کۆشکی باکینگهام بە شێوەیەکی فەرمی رایگەیاند، شا چارلزی سێیەم، پاشای بەریتانیا و شاژنە کامیلا، لە کۆتایی مانگی نیساندا سەردانی واشنتن دەکەن، لە بەرانبەردا دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکا، پشتڕاستی کردەوە کە سەردانەکە لە نێوان 27 بۆ 30ـی نیسان ئەنجام دەدرێت.
لە بارەی ئامانجی سەردانەکەوە ئاماژە بەوەکراوە، ئەم سەردانە بە مەبەستی بەهێزکردنی پەیوەندییە مێژووییەکان و پیرۆزبایی 250 ساڵەی سەربەخۆیی ئەمریکایە.
هاوکات بە گوێرەی بەرنامەی کاری سەردانەکەی شا چارڵز، بڕیارە وتارێک لە کۆنگرێسی ئەمریکا پێشکەش بکات و لە میواندارییەکی فەرمیدا لە کۆشکی سپی بەشدار بێت، دوای ئەمریکاش، شا دەچێتە هەرێمی بەرمۆدا کە ئەمە یەکەم سەردانیەتی بۆ ئەو ناوچەیە لە کاتەوەی بووە بە پاشا.
ئەم سەردانە لە کاتێکی هەستیاردا دێت کە پەیوەندییەکانی لەندەن و واشنتن چەندین گرژییان بەخۆوە بینیوە لەوانە:
1- گرژییە سیاسییەکان، ئەمەش لە کاتێکدایە دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکا، بە توندی رەخنەی لە کێیەر ستارمر، سەرۆکوەزیرانی بەریتانیا گرتووە و رایگەیاندووە، ستارمر لە ئاستی سەرکردایەتییەکی مێژوویی وەک "وینستۆن چەرچڵ"دا نییە.
2- جەنگی ئێران و پرسی نەوت، ترەمپ پێشتر رەخنەی لە بەریتانیا گرتبوو سەبارەت بە هەڵوێستیان لە جەنگی دژی ئێران و داوای لێکردبوون خۆیان بەرپرسیارێتی دابینکردنی نەوتی کەناراوەکانی هورمز بگرنە ئەستۆ.
3- کێشەی بنکە سەربازییەکان، راپۆرتەکان ئاماژە بە هەبوونی ناکۆکی دەکەن لەسەر داواکارییەکانی ئەمریکا بۆ بەکارهێنانی بنکە ئاسمانییە شاهانەییەکانی بەریتانیا لە جەنگی دژ بە ئێران.
سەرەڕای ئەم ناکۆکییە سیاسییانە، دۆناڵد ترەمپ رایگەیاندووە، رێزێکی زۆری بۆ کەسایەتی شا چارلز هەیە و گوتویەتی، بە پەرۆشە بۆ پێشوازیکردن لە شا چارلز لە واشنتن.