فیلمی "خەیاتەکە" خەڵاتی باشترین ئەکتەری کچی بەدەستهێنا
کورتەفیلمی "خەیاتەکە"، کە لە دەرهێنانی بەرزان یونسە، خەڵاتی باشترین ئەکتەری کچی لە یەکەمین فێستیڤاڵی فیلمی کوردی لە سلێمانی بەدەستهێنا.
پێنجشەممە، 16ی نیسانی 2026، بەرزان یونس، دەرهێنەری ئەو کورتەفیلمە بە کوردستان24ی گوت، ئەو کورتەفیلمە بەرهەمی کۆلێژی هونەرە جوانەکانی هەولێرە، خۆم کاری دەرهێنانم بۆ کردووە، گۆران عەدنان یاریدەری دەرهێنەر بووە، کۆدۆ حوسێن بەڕێوەبەری وێنەگرتنی کارەکەی کردووە، دانا محەمەد چاودێری بەرهەمەکە بووە، ریشوان ئیبراهیم بەرهەمهێنەری فیلمەکە بووە، هەریەکە لە، بەختیار عەبدولرەمان و رێزە محەمەد و شوان سەعید و رۆژیار حەسۆ رۆڵی سەرەکی لەو کورتەفیلمە دەبینن.
بەرزان یونس گوتیشی، "کورتەفیلمەکەمان لە میانی بەشداریکردنی لە فێستیڤاڵی کورتە فیلمی کوردی لە سلێمانی، توانیمان خەڵاتی باشترین ئەکتەری کچ بۆ خانمە ئەکتەر رێزە محەمەد بەدەستبهێنێن. هەروەها ئەم سەرکەوتنە جارێکی دیکە کوالێتی و توانای زانستی و پراکتیکی قوتابیان و ستافی ئەکادیمی کۆلێژەکەمان لە کێبڕکێ هونەرییە نێوخۆیی و نێودەوڵەتییەکاندا دەسەلمێنێت. هەروەها بەدەستهێنانی ئەم خەڵاتە، بەڵگەیەکە لەسەر ئەوەی بەرهەمە ئەکادیمییەکانی زانکۆمان رێڕەوی راستەقینەی خۆیان لە ناوەندی پیشەگەریی سینەمادا دۆزیوەتەوە."
ئەو دەرهێنەرە باس لە چیڕۆکی کورتەفیلمەکە دەکات و دەڵێت، "کورتەفیلمی "خەیاتەکە"، باس لە ژیان، هەستە ناوخۆییەکان و کێشە کۆمەڵایەتییەکانی مرۆڤ دەکات. ژنێک بە شێوەیەکی بێدەنگ و هەستیار درێژە بەژیان دەدات و چاوانی پڕ لە بیرکردنەوە و خەمێکی شاراوەن، ژنێک کە لە ناو ژیانێکی سادەدا دەژی، بەڵام لە ناوخۆیدا بارێکی گەورەی هەڵگرتووە، ئەو ژنە لەگەڵ کێشەی خێزانی، دڵشکاندن، یادە ئازارەکانی رابردوودا دەجەنگێت."
بەرزان یونس ئاماژەی بەوەش دا، "لە ماوەی فیلمەکەدا، بینەر دەبینێت چۆن مرۆڤ دەتوانێت لە شکاوی و ئازاردا دووبارە خۆی دروست بکاتەوە، وەک جلێکی کۆن کە پارچەی شکاوی هەیە، بەڵام بە دەرزی دووبارە جوان دەبێتەوە. بە گشتی، کورتەفیلمی "خەیاتەکە"، فیلمێک دەبێت پڕ لە هەست، بێدەنگی، و وێنەی قووڵی دەروونی، کە بە شێوەیەکی هێمن باس لە برینەکانی ژیان و هیوای نوێ دەکات."
کورتەفیلمی "خەیاتەکە"، کە لەدەرهێنانی بەرزان یونسە و بەرهەمی کۆلێژی هونەرە جوانەکانی هەولێرە، لە یەکەمین فێستیڤاڵی کورتەفیلمی کوردی لە سلێمانی، توانی خەڵاتی باشترین ئەکتەری کچ بەدەستبهێنێت.