تورکیا دەیان کەس بە تۆمەتی "ستایشی تاوان لە سۆشیاڵ میدیا" دەستگیر دەکات

دەسەڵاتدارانی تورکیا هەڵمەتێکی فراوانیان بۆ دەستگیرکردنی ئەو کەسانە دەستپێکرد کە لە سۆشیاڵ میدیا ستایشی دوو هێرشی چەکدارییان بۆ سەر دوو قوتابخانە کردبوو، کە لە ماوەی دوو رۆژدا روویاندا و بوونە هۆی کوژران و برینداربوونی دەیان کەس کە زۆربەیان منداڵن.

پۆلیسی تورکیا رایگەیاند، 83 کەس دەستگیرکراون و رێگری لە دەستڕاگەیشتن بە 940 ئەکاونتی سۆشیاڵ میدیا گیراوە، هاوکات 93 گرووپی تێلیگرامیش داخران. ئەم رێکارانە دوای ئەوە هاتن کە ئەو ئەکاونت و گرووپانە ستایشی دوو هێرشیان کردبوو؛ هێرشەکەی رۆژی سێشەممە کە 16 برینداری لێکەوتەوە، و هێرشەکەی رۆژی چوارشەممە کە بووە هۆی کوژرانی 9 کەس و برینداربوونی 13ی دیکە.

لەنێو کوژراوەکاندا، 8 منداڵی تەمەن 10 بۆ 11 ساڵ و مامۆستایەکی تەمەن 55 ساڵ هەن. دەسەڵاتداران ئاماژەیان بەوە کردووە کە تۆمەتبارانی هەردوو رووداوەکەش کوژراون.

هێرشەکەی رۆژی سێشەممە لە پارێزگای روها (ئورفا)ی باکووری کوردستان بوو، کاتێک قوتابییەکی پێشوو لە قوتابخانەکەی خۆی تەقەی کرد و دواتر کۆتایی بە ژیانی خۆی هێنا. هێرشەکەی رۆژی چوارشەممەش لە پارێزگای ماڕاش  لەلایەن قوتابییەکی 14 ساڵانەوە ئەنجامدرا کە بە 5 چەکەوە چووەتە قوتابخانە.

پۆلیس دەڵێت، ئەو قوتابییە کە کوڕی ئەفسەرێکی پێشووی پۆلیسە، پێشوەختە پلانی هێرشەکەی داڕشتووە و لەناو کۆمپیوتەرەکەیدا بەڵگەی ئەوە دۆزراوەتەوە کە لە مانگی نیسانی رابردووەوە بەنیازی ئەنجامدانی "کارێکی گەورە" بووە.

پەیوەندی بە هێرشەکانی ئەمریکاوە

بەپێی زانیارییەکانی پۆلیس، هێرشبەرە 14 ساڵانەکە لە پڕۆفایلی واتسئاپەکەی وێنەی "ئێلیۆت رۆجەر"ی داناوە، کە لە ساڵی 2014 هێرشێکی چەکداری لە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا ئەنجامدا و 6 کەسی کوشت. پۆلیس و داواکاری گشتی دەڵێن هێرشەکە "کارێکی تاکەکەسی" بووە و هیچ پەیوەندییەکی بە تیرۆرەوە نییە.

ناڕەزایەتی و کاردانەوەکان

ئەم رووداوانە شەپۆلێکی توندی ناڕەزایەتییان لە تورکیا لێکەوتەوە. یەکێتییەکانی مامۆستایان لەبەردەم وەزارەتی پەروەردە لە ئەنقەرە گردبوونەوە و دروشمی "قوتابخانەکانمان رادەستی توندوتیژی ناکەین"یان بەرزکردەوە، هاوکات داوای مانی گشتییان بۆ ماوەی دوو رۆژ کرد.

رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا، خەمباری خۆی بۆ ئەو "هێرشە تراژیدییە" دەربڕی و بەڵێنی دا کە رووداوەکە لە هەموو لایەنەکانەوە لێکۆڵینەوەی وردی بۆ بکرێت و راستییەکان ئاشکرا بکرێن. بڕیاریشە رۆژی پێنجشەممە رێوڕەسمی بەخاکسپاردنی قوربانییان لە شاری ماڕاش بەڕێوەبچێت.