ماراش.. هێرشێکی چەکداری بۆ سەر قوتابخانەیەک کوژراو و برینداری لێکەوتەوە

بۆ دووەم رۆژ لەسەریەک هێرش دەکرێتە سەر قوتابخانەکان لە تورکیا و باکووری کوردستان؛ لە نوێترین رووداویشدا چەکدارێک هێرشی کردە سەر قوتابخانەیەکی شاری ماراش و بەگوێرەی زانیارییە سەرەتاییەکان چەندین کوژراو و بریندار هەن.

بەگوێرەی زانیارییەکان، رووداوەکە لە قوتابخانەی ناوەندیی "ئایسەر چالک" لە قەزای ئۆنیکی شوبات لە پارێزگای ماراش روویداوە. دوای ئەوەی دەنگی تەقەیەکی زۆر لە ناو تەلاری قوتابخانەکە بیستراوە، دەستبەجێ هێزە ئەمنییەکان و تیمە تەندروستییەکان گەیشتوونەتە شوێنی رووداوەکە.

 بە گوێرەی میدیا تورکییەکان مامۆستایەک و سێ قوتابی کوژراون و 20 کەسیش بریندارن بەڵام تائێستا هیچ راگەیەندراوێکی فەرمی لەبارەی هۆکاری هێرشەکە و ناسنامەی هێرشبەرەکە بڵاونەکراوەتەوە.

ئەم هێرشە لە کاتێکدایە، دوێنێ سێشەممە 14ی نیسانی 2026، لە قەزای سیوەرەگی سەر بە پارێزگای ئورفا، هێرشێکی هاوشێوە کرایە سەر ئامادەیی پیشەیی و تەکنیکی "ئەحمەد کۆیونجو".

لەو رووداوەی ئورفادا، گەنجێکی تەمەن 17 بۆ 18 ساڵ بە چەکێکی لولە درێژ چووە ناو حەوشە و رێرەوەکانی قوتابخانەکە و بە شێوەیەکی هەڕەمەکی تەقەی لە قوتابیان و مامۆستایان کرد، کە بووە هۆی برینداربوونی زیاتر لە 15 کەس و دواتر هێرشبەرەکە بە هەمان چەک کۆتایی بە ژیانی خۆی هێنا.