یەکێتی ئەوروپا پێشوازی لە ئاگربەستی نێوان ئیسرائیل و لوبنان دەکات
ئۆرسۆلا ڤۆندێرلاین، سەرۆکی کۆمیسیۆنی ئەوروپا، پێشوازی لە راگەیاندنی ئاگربەستی 10 رۆژە لە نێوان ئیسرائیل و لوبنان کرد، کە بە نێوەندگیری دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا هاتە ئاراوە.
پێنجشەممە 16ـی نیسانی 2026، ئۆرسۆلا ڤۆندێرلاین سەرۆکی کۆمیسیۆنی ئەوروپا لە پەیامێکدا رایگەیاند، ئەم ئاگربەستە جێگەی ئاسوودەییە، چونکە ئەم ململانێیە بووەتە هۆی گیانلەدەستدانی ژمارەیەکی زۆر لە خەڵکی بێتاوان.
سەرۆکی کۆمیسیۆنی ئەوروپا جەختی لەوە کردەوە، تەنیا وەستانێکی کاتیی شەڕ بەس نییە، بەڵکو گوتی: "لە ئێستادا پێویستمان بە دۆزینەوەی رێگایەکە بۆ گەیشتن بە ئاشتییەکی هەمیشەیی، نەک تەنها راوەستانێکی کاتی."
هەروەها ئاماژەی بەوەش دا، یەکێتی ئەوروپا بەردەوام دەبێت لە جەختکردنەوە لەسەر پاراستنی سەروەری و یەکپارچەیی خاکی لوبنان.
لە کۆتایی پەیامەکەشیدا پابەندبوونی یەکێتییەکەی دووپاتکردەوە بۆ بەردەوامبوون لە پێشکەشکردنی هاوکارییە مرۆییەکان بۆ گەلی لوبنان لەم بارودۆخە سەختەدا.
ئەم پەیامەی سەرۆکی کۆمیسیۆنی یەکێتی ئەوروپا دوای ئەوە هات، پێنجشەممە، 16ـی نیسانی 2026، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا، لە رێگەی هەژماری فەرمی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی "تروس"، راگەیەندراوێکی گرنگی سەبارەت بە دۆخی تەناهی و سیاسیی نێوان ئیسرائیل و لوبنان بڵاوکردەوە.
ترەمپ ئاماژەی بەوە کرد، کە گفتوگۆی "ناوازە و بەرهەمدار"ی لەگەڵ جۆزێف عۆن، سەرۆکی لوبنان و بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل ئەنجامداوە.
بە پێی راگەیەنراوەکەی سەرۆکی ئەمریکا، هەردوو وڵات رەزامەندییان نیشانداوە کە بۆ دەستەبەرکردنی ئاشتی، ئاگربەستێکی فەرمی بۆ ماوەی 10 رۆژ رابگەیەنن، کە بڕیارە کاتژمێر 5ـی ئێوارە بە کاتی ناوخۆیی ئەمریکا بچێتە بواری جێبەجێکردنەوە.
ترەمپ جەختی لەوە کردەوە، کە رۆژی سێشەممەی رابردوو، بۆ یەکەمجار لە ماوەی 34 ساڵی رابردوودا، ئیسرائیل و لوبنان لە واشنتن بە ئامادەبوونی مارکۆ رۆبیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا کۆبوونەتەوە.
دۆناڵد ترەمپ بە شانازییەوە ئاماژەی بەوە کرد، کە لە کاروانی سیاسی خۆیدا توانیویەتی 9 جەنگ لەسەر ئاستی جیهان رابگرێت و ئەم هەوڵە نوێیەشی وەک "دەیەمین جەنگ" ناوبرد کە کۆتایی پێدەهێنێت، وەک ئاماژەیەک بۆ پابەندیی واشنتن بە سەقامگیرکردنی ناوچەکە لەژێر دروشمی "با ئەنجامی بدەین".