وزەی نێودەوڵەتی: ئەوروپا بەشی شەش هەفتە سووتەمەنی فڕۆکەی ماوە

فاتح بیرۆڵ، بەڕێوەبەری جێبەجێکاری ئاژانسی وزەی نێودەوڵەتی رایگەیاند، ئەوروپا تەنیا بۆ ماوەی شەشە هەفتە سووتەمەنی پێویستی فڕۆکەی ماوە، هۆشداریشیدا، ئەگەر دابیننەکردنی نەوت بەهۆی جەنگی ئێرانەوە بەردەوام بێت ئەوە گەشتەکان هەڵدەوەشێنرێنەوە.

فاتح بیرۆڵ بە ئاژانسی ئەسۆشێیتد پرێسی راگەیاند، داخستنی گەرووی هورمز گەورەترین قەیرانی وزەی لە جیهان دروست کردووە، چونکە بووەتە هۆی پچڕانی دابینکردنی نەوت و گاز بۆ بازاڕەکانی جیهان.

ئاماژەی بەوەشدا، تا دۆخەکە زیاتر درێژە بکیشێت، قەیرانەکە کاردانەوەی گەورەی لەسەر ئابووری جیهان دەبێت، کاریگەرییەکانی لەسەر گەشەکردن و هەڵاوسان خراپتر دەبێت، گوتیشی، کاریگەریی لەسەر بەرزبوونەوەی نرخی بەنزین و گاز و کارەبا دەبێت.

بیرۆڵ جەختی لەوەشکردەوە، ئەو وڵاتانەی زۆرترین زیانیان بەردەکەوێت، وڵاتانی تازەپێگەیشتو بەتایبەتی وڵاتانی ئاسیا و ئەفریقا و ئەمەریکای لاتین دەبن، بەڵام ئەگەر گەرووی هورمز بۆ هەمیشەیی نەکرێتەوە، هەموو وڵاتان کاریگەرییان لەسەر دەبێت و هیچ وڵاتێک لەم قەیرانە بەدەر نابێت.

بیرۆل ئاماژەی بەوەشکرد، بەردەوامی داخستنی گەرووەکە تا کۆتایی مانگی ئایار زۆرێک لە وڵاتان بە تایبەت ئەوانەی لاوازن تووشی هەڵاوسانێکی بەرز و خاوبوونەوەی ئابووری یان پاشەکشەی گەشەسەندن دەکات.

کۆمپانیای هێڵی ئاسمانی KLM ـی هۆڵەندی رایگەیاندووە، مانگی داهاتوو بەهۆی بەرزبوونەوەی نرخی سووتەمەنی 160 گەشت بۆ فڕۆکەخانەی ئەمستردام و گەڕانەوەیان کەمدەکاتەوە، ئاماژەی بەوەشکردووە، هەندێک لە گەشتیاران لە ئێستاوە هەستیان بە کاریگەرییەکانی قەیرانەکە کردووە بەهۆی گرانبوونی نرخی بلیتەکان.