سلێمانی.. فێستیڤاڵی ئەدەبی کوردستانی گەورە بەڕێوەچوو
بۆ یەکەمجار، فێستیڤاڵی ئەدەبی کوردستانی گەورە، بەبەشداری 28 شاعیر لە سلێمانی لە هۆڵی ساداتی پیر خدری بەڕێوەچوو.
هەینی، 17ی نیسانی 2026، رزگار چاوشین، سەرۆکی فێستیڤاڵەکە بە کوردستان24ی گوت، "ئەم فێستیڤاڵە بە هەنگاوێکی مێژوویی لە بواری شیعری کوردیدا دادەنرێت، چونکە بۆ یەکەمجارە ئەم جۆرە فێستیڤاڵە لە کوردستانی گەورەدا بەڕێوەبچێت، هەروەها لە فێستیڤاڵەکەدا 28 شاعیری جواننوس و بەهرەدار بەشدارییان کرد و بەرهەمەکانیان خرایە بەردەم لێژنەی دادوەری، هەندێک لە مامۆستا و شارەزایانی ئەم بوارە لێکۆڵینەوەیان بۆ شیعرەکان کرد و بە وردی هەڵسەنگاندنیان بۆ توانا، رێزمان و داهێنانەکانیان ئەنجامدا."
رزگار چاوشین گوتیشی، "لە ئەنجامی کۆتاییدا، شیعری ئادەمی حەوایی بە جوانی و کورتبڕی ناسرا، بەڵام لەلایەن لێژنەی دادوەرییەوە پلەبەندی بۆ رەتکرایەوە. هەروەها شیعری رێبوار ئادەمی بە نیشاندانی جوانکاری، ماندووبوون و ئەزموونی شاعیرانەی خۆی، وەک بەرهەمێکی بەتوانا هەڵسەنگێنرا. لە هەمان کاتدا، شیعری جەعفەر حەسەن بە پوختترین و بێهەڵەترین شیعری فێستیڤاڵەکە ناسێنرا، چونکە هیچ هەڵەی رێنووسی تێدا نەبوو، بەڵام لەبەر ئەوەی لە شیعری بەحری تێکەڵاو نەبوو، پلەبەندی بۆ نەکرا."
سەرۆکی فێستیڤاڵەکە باس لە بەشە گرنگەکانی فێستیڤاڵەکە دەکات و دەڵێت، "لە بەشی زولبەحرەینیشدا، دوو شیعر لە ئاستی باڵا پێشکەش کرا، کە مامۆستا ئەمینی ئەمینی و هاراتی زادە دەستی خۆیان نواند. ئەم دوو شاعیرە لە تاقیگەی عەرووزدا توانایان پێشاندا، و لە کۆتاییدا شیعری هاراتی زادە بە جوانترین شیعری فێستیڤاڵەکە راگەیەندرا. هەروەها چۆنیەتی فێستیڤاڵی بەحری تێکەڵاو لەلایەن مامۆستا عومەر و هاراتی زادە داڕێژرایەوە و بیرۆکەی زولبەحرەینیش لەلایەن مامۆستا ئەمینی ئەمینی پێکهاتووە، کە بە رەمزی زولبەحرەین ناسێندراوە."
فێستیڤاڵی ئەدەبی کوردستانی گەورە، لە 28 شاعیر پێکهاتبوو، کە رزگار چاوشین سەرۆکی فێستیڤاڵ بوو و بەڕێوەبەری راگەیاندن لەلایەن قەهار شێخانی بە سەرکەوتوویی کۆتایی پێهات. ئەم فێستیڤاڵە بە بەشێک لە مێژووی نوێی شیعری کوردی دادەنرێت، چونکە داهێنان، بیرکردنەوەی نوێ و یەکگرتوویی شاعیرانی هەموو پارچەکانی کوردستانی لە خۆگرتبوو.