ئەمریکا لێخۆشبوونی سزاکانی سەر نەوتی رووسیای بۆ مانگێک درێژکردەوە

ئیدارەی دۆناڵد ترەمپ، بڕیاری دا بە نوێکردنەوەی لێخۆشبوونێکی تایبەت کە رێگە بە وڵاتان دەدات بۆ ماوەی نزیکەی مانگێک، نەوتی سزادراوی رووسیا لە رێگەی دەریاوە بکڕن، ئەم هەنگاوە بە مەبەستی کەمکردنەوەی فشارەکانە لەسەر بازاڕی وزەی جیهانی.

وەزارەتی خەزێنەی ئەمریکا لە لە راگەیەندراوێکدا ئاشکرای کرد، ئەم لێخۆشبوونە نوێیە رێگە دەدات بە کڕینی نەوت و بەرهەمە نەوتییەکانی رووسیا کە لە رێگەی دەریاوە دەگوازرێنەوە، و بڕیارەکە لە رۆژی هەینییەوە تاوەکو 16ـی ئایار کاری پێ دەکرێت، ئەمە جێگەی لێخۆشبوونی پێشوو دەگرێتەوە کە بۆ ماوەی 30 رۆژ بوو و لە 11ـی نیساندا کۆتایی هاتبوو، ئاماژە بەوەش کراوە کە ئەم بڕیارە مامەڵە نەوتییەکانی پەیوەست بە ئێران، کوبا و کۆریای باکوور ناگرێتەوە.

ئەم بڕیارەی واشنتن لە چوارچێوەی هەوڵەکاندایە بۆ ڕێگریکردن لە بەرزبوونەوەی زیاتری نرخی وزە لە ئاستی جیهاندا، بەتایبەت لە کاتێکدا کە گرژییەکانی نێوان ئەمریکا و ئیسرائیل لەگەڵ ئێراندا کاریگەریی توندی لەسەر دابینکردنی وزە دروست کردووە. هەروەها ئەم هەنگاوە وەک وەڵامدانەوەیەک بۆ فشاری وڵاتانی ئاسیا دەبینرێت کە بەهۆی قەیرانی وزەوە زیانیان پێگەیشتووە و داوای دابینکردنی جێگرەوەی نەوتیان دەکرد.

نوێکردنەوەی ئەم لێخۆشبوونە لە کاتێکدایە کە پێشتر سکۆت بێسنت، وەزیری خەزێنەی ئەمریکا، رایگەیاندبوو، واشنتن لێخۆشبوونەکان بۆ نەوتی رووسیا و ئێران درێژ ناکاتەوە.

لە لایەکی دیکەوە، دوای کردنەوەی گەرووی هورمز بەکاتی کە رێڕەوێکی ستراتیژیی ترانزێتی نەوتە لە جیهاندا نرخی نەوت بە رێژەی %9 دابەزیی و گەیشتە نزیکەی 90 دۆلار بۆ هەر بەرمیلێک، سەرەڕای ئەم دابەزینە، ئاژانسی نێودەوڵەتی وزە (IEA) هۆشداری داوە کە ململانێکان بوونەتە هۆی دروستبوونی قەیرانێکی گەورەی قزەی جیهانی.