بەسڕە.. فیلمێکی کوردی لە فێستیڤاڵی سۆپەرستاری کورتەفیلم کێبڕکێی بەدەستهێنانی خەڵات دەکات

کورتەفیلمی "تینوێتی لە بێدەنگیدا"، لە دەرهێنانی ئەژی عەبدوڵڵایە، لە 24ەمین فێستیڤاڵی سۆپەرستاری کورتەفیلمی بەسڕە، کێبڕکێی بەدەستهێنانی خەڵات دەکات.

ئەمڕۆ شەممە، 18ی نیسانی 2026، ئەژی عەبدوڵڵا، دەرهێنەری ئەو کورتەفیلمە بە کوردستان24ی گوت، "کورتەفیلمی "تینوێتی لە بێدەنگیدا"،  دواکار و تازەترین بەرهەمی هونەری منە کە وەک دەرهێنەر ئەنجامم داوە. سیناریۆی ئەم کورتەفیلمە نووسینی ئەمیرە، هەروەها ئەکتەری ناسراوی کورد قادر جەلال رۆڵێکی گرنگی تێدا بینیوە. بەم کورتەفیلمە بەشدارم لە فێستیڤاڵی سۆپەرستاری کورتەفیلم لە شاری بەسڕە و هیوادارم بتوانین خەڵات بەدەستبهێنین."

ئەژی عەبدوڵڵا گوتیشی، "هەروەها پێشووتریش لە ساڵی 2023 بە کورتەفیلمی "پەنجەرە"، لە هەمان فێستیڤاڵ لە شاری موسڵ بەشدار بووم و توانیم دوو خەڵات بەدەست بهێنم، کە تاکە نوێنەری کورد بووم لەم فێستیڤاڵەدا کە سەرکەوتنم بەدەستهێنا."

ئەو دەرهێنەرە باس لە چیڕۆکی کورتەفیلمەکە دەکات و دەڵێت، "چیڕۆکی کورتەفیلمەکە بە شێوەیەکی مرۆیی و کاریگەر دەچێتە ناو ژیانی پیاوێکی بەساڵاچوو، کە ساڵانێک تەمەنی خۆی لە پێناوی خێزان و منداڵەکانی بەسەر بردووە، بەڵام ئێستا لە قۆناغی پیریدا خۆی لە ژیانێکی پڕ لە بێدەنگی و تەنیایی دەبینێتەوە. ئەم باوکە هەموو رۆژێک بە هیوای ئەوە دەژیت کە یەکێک لە منداڵەکانی سەردانی بکات، لەگەڵی بدوێت یان تەنیا هەست بە بوونی بکات. بەڵام سەرقاڵی ژیان، هەمووانی لێ دوور خستووەتەوە. ماڵێک کە جارێک پڕ بوو لە دەنگی پێکەنین و خۆشی، ئێستا بووەتە شوێنێکی بێدەنگ و سارد."

ئەژی عەبدوڵڵا ئاماژەی بەوەش دا، "فیلمەکە بە زمانێکی هێمن و پڕ مانا نیشان دەدات کە مرۆڤ لە کۆتایی تەمەندا زیاتر لە نان و پارە، پێویستی بە سۆز، گوێگرتن و هەستی نزیکی هەیە. تینوێتی لێرەدا تەنیا تینوێتی ئاو نییە، بەڵکو تینوێتی خۆشەویستی و گرنگی پێدانە. بێدەنگیش ئەو بێدەنگییەیە کە لە دەوری ژیانی ئەو باوکە درووست بووە."

کورتەفیلمی "تینوێتی لە بێدەنگیدا"، کە لە دەرهێنانی ئەژی عەبدوڵڵایە، لە خولی 24ەمینی فێستیڤاڵی سۆپەرستاری کورتەفیلمی بەسڕە بەشدارە، کە فێستیڤاڵەکە بڕیارە 25ی نیسانی 2026، بەبەشداری 21 کورتەفیلم لەشاری بەسڕە بەڕێوەبچێت.