محەمەد ئیسحاق دار: لوبنان خاڵی سەرەکی ناکۆکییەکانی نێوان ئەمریکا و ئێرانە
وەزیری دەرەوەی پاکستان، محەمەد ئیسحاق دار رایگەیاند، وڵاتەکەی کار دەکات بۆ نزیککردنەوەی بۆچوونەکانی نێوان ئەمریکا و ئێران.
شەممە 18ـی نیسانی 2026، وەزیری دەرەوەی پاکستان، محەمەد ئیسحاق دار لە لێدوانێکدا ئاماژەی بەوە کرد: "لوبنان یەکێکە لە دیارترین و سەرەکیترین خاڵەکانی ناکۆکی لە نێوان واشنتن و تاراندا".
وەزیری دەرەوەی پاکستان ئاشکراشی کرد، هەوڵەکانی وڵاتەکەی بۆ نێوەندگیری نێوان ئێران و ئەمریکا گەیشتوونەتە قۆناغی باش و گوتی،"لە میانی گفتوگۆکانی ئیسلام ئاباددا، واشنتن و تاران زۆر نزیک بوون لەوەی بگەنە رێککەوتنێکی کۆتایی".
جەختی لەوەشکردەووە، ئەوەی کە رێگر بووە لە رێککەوتنی نێوان واشنتن و تاران، راگەیاندنی ئاگربەست و کۆتایی هێنانی جەنگ بووە لە لوبنان، ئەمەش وەکو خاڵی سەرەکی ناکۆکی نێوانیان ماوەتەوە.
ئەم لێدوانانەی محەمەد ئیسحاق دار وەزیری دەرەوەی پاکستان لە کاتێکدایە، ئەمریکا و ئێران بە نێوەندگیری پاکستان لە دانوستانەکانی ئیسلام ئابادا نەگەیشتن بە رێککەوتن، لە لایەک ئەمریکا داوای کردووە تاران پاڵپشتییەکانی بۆ گرووپە چەکدارەکان بە تایبەت حزبوڵڵای لوبنان و حەماس رابگڕیت و یۆرانیۆمی پیتێنراوی وڵاتەکەشی رادەستی ئەمریکا بکات، لە لایەکی دیکەوە، ئێران راگرتنی جەنگی لە لوبنان کردووە بە خاڵی سەرەکی گفتوگۆکان لە گەڵ واشنتن، ئەم ئاڵەنگارییانە بوونە هۆکاری ئەوەی تاوەکوو ئێستا پرسی کۆتایی هێنانی تەواوەتی جەنگی نێوانیان بە چەقبەستوویی بمێنێتەوە.