مۆرینیۆ دەگەڕێتەوە راهێنەرایەتی ریال مەدرید؟
چوار راهێنەری دیكە بۆ شوێنگرەوەی ئەلڤارۆ ئاربێلوا بەربژێرن
ڕاپۆرتەکانی ئیسپانیا ئاماژە بۆ ئەوە دەکەن کە خۆزێ مۆرینیۆی ڕاهێنەری پورتوگالی پێشوازی لە بیرۆکەی گەڕانەوە بۆ ڕاهێنەرایەتی ڕیال مەدرید دەكات، هەرچەندە تا ئێستا هیچ دانوستانێکی فەرمی و کۆنکرێتی لە نێوان هەردوولادا نەکراوە، جگە لەوەش یۆرگن كڵۆپ و دیدییە دیشان و زەینەدین زیدانیش لەنێو بەربژێرەكانن.
دوای ئەوەی ئەوەی شەوی چوارشەممە ڕیال مەدرید لەسەر دەستی بایرن میونش بە كۆی گشتی بە ئەنجامی (6 ـ 2) گۆڵ دۆڕا و لە چارەكی كۆتایی چامپیۆنزلیگ ماڵئاوایی كرد. جارێكی دیكە ناوی خۆزێ مۆرینیۆ بەسترایەوە بە ریال مەدرید.
یاریی گەڕانەوەی قۆناغی چارەکی کۆتایی لە یاریگای ئەلیانز ئارێنا بە ئەنجامی 4-3 لە بەرژەوەندی بایرن میونشن کۆتاییهات، لە شەوێکی دراماتیکدا کە تیایدا یانە باڤارییەکان دوو گۆڵی درەنگ لە ڕێگەی لویس دیاز و مایکل ئولیسی لە خولەکەکانی 89 و 94 تۆمارکرد و ناوی ریال مەدریدیان لە چامپیۆنزلیگی ئەم وەرزە سڕییەوە.
دوای ئەوەی ریال مەدرید لە سەرەتای ئەم وەرزە جامی سوپەری ئیسپانیای لەدەستدا و لە ژووری جلگۆڕینیش ناكۆكی لە نێوان یاریزانان دروست بوو،چابی ئالۆنسۆ و ستافەكەی لە راهێنەرایەتی ریال مەدرید دووخرانەوە و ئەلڤارۆ ئاربێلۆا لە سەرەتای ئەمساڵ شوێنی گرتەوە.
ڕیال مەدرید لە لێواری کۆتایی هاتنی ئەم وەرزە دایە و نزیكە لەوەی بۆ دووەم ساڵ لەسەریەک بەبێ نازناو وەرزەكە تەواو بكات. بەوپێیەی لە چامپیۆنزلیگ و جامی شا و جامی سوپەری ئیسپانیای لەدەستدا و لە لالیگاش بە 9 خاڵ لە بارسێلۆنای پێشەنگ دوورە.
بەگوێرەی ڕاپۆرتێک کە لەلایەن كۆپێ ئیسپانیا بڵاوكرایەوە خۆزێ مۆرینیۆی ڕاهێنەری پورتوگالی لەنێو ئەو پاڵێوراوانەدایە کە هاوینی داهاتوو ڕاهێنەری ڕیال مەدرید وەربگرێت، بەوپێیەی بە ئەگەرێكی زۆر ئاربێلوا لە كۆتایی ئەم وەرزە پۆستەكەی جێدەهێڵێت.
ڕاهێنەرە تەمەن 63 ساڵەکە لە ئێستادا سەرپەرشتی بێنفیكا دەکات، واتە هەر گواستنەوەیەک بۆ گەڕانەوەی بۆ یانە ئیسپانییەکە پێویستی بە دانوستانی فەرمی لە نێوان هەردوولا دەبێت.
خۆزێ مۆرینیۆ لەگەڵ یانەی بێنفیكا سەرپەرشتی 40 یاری كردووە، 8 شكست و 8 یەكسانی هەیە، لە خولی نایابی پۆرتوگالی بە 69 خاڵ لە پلەی سێیەم دێت و بە جیاوازی 7 خاڵ لە یانەی پۆرتۆی پێشەنگ دوورە.
خۆزێ مۆرینیۆ لە وەرزی 2011-2012 لەسەر ئاستی ئیسپانیا كۆتایی بە باڵادەستی بارسێلۆنا هێنا نازناوی لالیگا بۆ ریال مەدرید بردەوە، لە یەک وەرزدا 32 سەركەوتنی بەدەستهێنا و زۆرترین بردنەوەی لە دەرەوەی یاریگای خۆی تۆمار كرد (16) بردنەوە.
لە لایەكی دیكەیشەوە بە گوێرەی رۆژنامەی ماركای ئیسپانیا، زەینەدین زیدان، دیدییە دیشان و یۆرگڵن كڵۆپ لەنێو بەربژێرایەتی راهێنەرایەتی ریال مەدریدن.