نووسینگەی مالیکی: تاوەکو ئێستا کاندیدی فەرمی بۆ سەرۆکوەزیران نەگۆڕدراوە

ئەمڕۆ یەکشەممە، 19ـی نیسانی 2026، نووسینگەی نووری مالیکی رایگەیاند، تاوەکو ئێستا کاندیدی فەرمی چوارچێوەی هەماهەنگی بۆ سەرۆکوەزیران نەگۆڕدراوە.

هیشام روکابی، بەڕێوبەری نووسینگەی راگەیاندنی سەرۆکی هاوپەیمانی دەوڵەتی یاسا لە پلاتفۆڕمی ئێکس نووسیویەتی، "هەرکەسێک هەوڵی پێکهێنانی حکوومەت لە وادەی دەستوریدا بدات، پێویستە بڕیاریی بوێرانە بدات"، نەک بەردەوام بێت لە دواخستن یان لۆمەی دواکەوتنەکان بخاتە سەر حزبەکانی تر.

هیشام روکابی باسی لەوەشکرد، هێشتا چوارچێوەی هەماهەنگی کاندیدی فەرمی خۆی بۆ سەرۆکوەزیران ماوە و نەگۆڕدراوە.

ئاماژەی بەوەشدا، سەبارەت بەوەی دواخستنی کۆبوونەوەی رۆژی شەممە هۆکارەکەی مالیکیی بووە، ئەوە بانگەشەیەکی درۆیە و راست نییە.

دەشڵێت، ئەوەی ئەمڕۆ پێویستە بڕیارێکی روونە، هەروەک چۆن کاندیدکردنی مالیکی بە زۆرینەی دەنگ بوو، دەتوانرێت بە هەمان میکانیزم بکێشرێتەوە، ئەمەش بەبێ دواکەوتنی زیاتر چونکە قۆناخی ئێستا بەرگەی دواخستنی زیادە ناگرێت.