ئێن بی سی نیوز برینداربوونی ژمارەیەک سەربازی ئەمریکی لەهێرشێکی ئێران دا ئاشکرا کرد

تۆڕی ئێن بی سی نیوز بڵاویکردەوە، دوو هەفتە لەمەوبەر هەشت ئەندامی هێزەکانی مارینزی ئەمریکا بەهۆی هێرشێکی مووشەکی کروزی ئێران بریندار بوون، کە کەشتییەکیان لە گەرووی هورمز کردبووە ئامانج.

بەرپرسانی ئەمریکا بە ئێن بی سی نیوزیان راگەیاند، برینەکان مەترسیدار نەبوون، بەڵام سەربازەکان بەهۆی هەڵمژینی دووکەڵ و زیان گەیشتن بە مێشک ئازاریان چەشتووە و نیشانەکانی مێشک‌لەرزین وەک سەرئێشەیان پێوە دیار بووە.

بەرپرسان روونیکردەوە، ئەو سەربازانەی لە هێرشەکەدا بریندار بوون حەوت سەرباز و ئەفسەرێک بوون، سەرجەمیان دوای ماوەیەکی کەم لەو هێرشەی 14ـی ئەیلوول، گەڕاونەتەوە سەر ئەرکەکانیان.

بەگوتەی ئەو بەرپرسانە، سەربازەکان لە چوارچێوەی تیمێکی نیشتنەوەی کەتیبە کاریان دەکرد، کاتێک هێرشە ئێرانییەکە بە مووشەکی کروزی دژە کەشتی کراوە.

بەرپرسان رەتیانکردەوە جۆر و ناسنامەی ئەو کەشتییە ئاشکرا بکەن کە سەربازەکانی مارینزی تێدا بوون و تەنیا بە پارچەیەکی دەریایی ناویان برد، ئەوان جەختیانکردەوە کەشتییەکە سەر بە هێزی دەریایی ئەمریکا نەبووە.