ماریا سوڵتان: هەنگاوی ئەرێنی لە دانوستاندنی نێوان ئەمریکا و ئێران هەیە
راوێژکاری وەزارەتی بەرگریی پاکستان بۆ کاروباری سەربازی و ستراتیجی رایگەیاند، یەکێک لە تەوەرەکانی کۆبوونەوەی نێوان هەردوو وڵات گەماڕۆ و سزاکانی سەر ئێرانن، بەڵام بەرەوپێشچوونی باش هەیە.
ئەمڕۆ یەکشەممە، 19ـی نیسانی 2026، ماریا سوڵتان، راوێژکاری وەزارەتی بەرگریی پاکستان بۆ کاروباری سەربازی و ستراتیجی، لە کاتی بەشداریکردنی لە بەرنامەی باسی رۆژی کوردستان24، کە ژینۆ محەممەد پێشکەشی دەکات، هیوادارین دانوستاندنی زیاتر لە نێوان ئەمریکا و ئێران بکرێت، پرۆسەکە بەردەوامە و دەمانەوێت هەردوولا بگەنە رێککەوتن، هەنگاوی ئەرێنی هەن، لەبارەی پیتاندنی یۆرانیۆمەوە ناکۆکی هەیە، هەروەها گەرووی هورمز دەیانەوێت گرێبەستێکی هەمیشەیی لەسەر هەبێت.
هەروەها ئاماژەی بەوە دا، یەکێک لە تەوەرەکانی کۆبوونەوەی نێوان هەردوو وڵات گەماڕۆ و سزاکانی سەر ئێرانن، بەڵام بەرەوپێشچوونی باش هەیە، لە چەند رۆژی داهاتوو هەمووشتێک روون دەبێتەوە.
ماریا سوڵتان، باسی لەوەش کرد، ئەمریکا و ئێران ئێستا هیچ مەرجێکی پێشوەختەیان نییە، هەردوولا هەڵوێستیان روونە و ئێران دەیەوێت سزاکانی سەر هەڵبگیرێت، هەروەها ئەو پارەی لە ساڵی 1979 لەلایەن ئەمریکاوە بلۆککراوە دەیەوێت بلۆکی لەسەر لابدەت، کە نزیکەی 100 ملیار دۆلارە، جیا لەوە بڕێکی زۆری پارەی لە وڵاتانی کەنداو بلۆککراوە و دەیەوێت بگەڕێنتەوە.
راوێژکاری وەزارەتی بەرگریی پاکستان دەڵێت، بۆ ئەمریکا هورمز زۆر گرنگە و دەیەوێت بکرێتەوە و کێشەی لەسەر نەبێت بەبێ مەرج، هەڵگرتنەوەی مینەکان لە گەرووی هورمز، بابەتی یۆرانیۆم کاتی زۆری دەوێت، چونکە ئێران دەڵێت، دەبێت مافی پیتاندنم هەبێت، ئەگەر بە رێژەیەکی کەمیش بێت، ئەمریکا تاوەکو دڵنیا نەبێتەوە لە ئێران پارە بلۆککراوەکان ناگەرێنێتەوە، " هەرجارێک دانوستاندن دەستپێدەکات، ئیسرائیل کێشە دروستدەکات".
هاوکات، یەکشەممە 19ی نیسانی 2026، شەهباز شەریف، سەرۆکوەزیرانی پاکستان، لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی (ئێکس) رایگەیاند، پەیوەندییەکی تەلەفۆنیی "گەرم و بنیاتنەر"ی لەگەڵ مەسعود پزیشکیان، سەرۆککۆماری ئێران ئەنجامداوە، بە مەبەستی تاوتوێکردنی پێشهاتە خێراکانی ناوچەکە و داهاتووی دانوستانەکانی ئاشتی.
سەرۆک وەزیرانی پاکستان دەستپێشخەرییەکانی ئێرانی بۆ بەشداری لە پرۆسەی ئاشتیدا بەرز نرخاند، بەتایبەت ناردنی شاندێکی ئاستبەرز بۆ ئیسلام ئاباد بە مەبەستی ئەنجامدانی گفتوگۆ مێژووییەکان؛ ئاماژەی بە گرنگیی کۆبوونەوەکانی ئەم دواییەی عاسم مونیر، فەرماندەی سوپای پاکستان، لە تاران کرد.
شەهباز شەریف ئاشکرای کرد، لە پەیوەندییەکەدا، ناوەرۆکی گفتوگۆکانی خۆی لەگەڵ سەرکردەکانی سعوودیە، قەتەر و تورکیا بۆ مەسعود پزیشکیان روون کردووەتەوە. ئەمەش نیشانەی ئەوەیە کە پاکستان وەک پردێکی پەیوەندی کار دەکات بۆ گەیاندنی تێڕوانینی وڵاتانی ناوچەکە بە تاران سەبارەت بە کۆتاییهێنان بە جەنگ.
شەهباز شەریف دڵنیایی دایە سەرۆک کۆماری ئێران کە وڵاتەکەی بە پشتیوانیی هاوبەش و هاوپەیمانەکانی، پابەندە بە رۆڵی خۆی وەک نێوەندگیرێکی راستگۆ و دڵسۆز بۆ چەسپاندنی ئاشتی و سەقامگیریی هەمیشەیی لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا.