کاریگەرییە دیمۆگرافییەکانی بەبیابانبوون لەسەر هەرێمی کوردستان و عێراق
گۆڕانی کەشوهەوا و قەیرانی کەمئاوی بە شێوەیەکی خێرا نەخشەی دیمۆگرافیای عێراق و ناوچەکە دەگۆڕن. لە کاتێکدا ناوچەکانی خواروو و ناوەڕاستی عێراق بەدەست بەبیابانبوون و وشکبوونی زۆنگاوەکان و شەپۆلی کۆچی ناوخۆییەوە دەناڵێنن، دەستەی ژینگەی هەرێمی کوردستان جەختیکردەوە، هەنگاوەکانی هەرێم بۆ پاراستنی ژینگە و کەمکردنەوەی کاریگەرییەکانی گۆڕانی کەشوهەوا بەرچاو و ئەرێنین.
یەکشەممە 27ـی ئەیلوولی 2026، دکتۆر سەنعان عەبدوڵڵا، گوتەبێژی دەستەی ژینگەی هەرێمی کوردستان، تایبەت بۆ ماڵپەڕی کوردستان24 گوتی: هەرچەندە هەرێمی کوردستان لە چوارچێوەی جوگرافیای عێراقدایە و ژینگەکەی سنووردار نییە، بەڵام هەنگاوەکانی هەرێم بۆ بەرەنگاربوونەوەی گۆڕانی کەشوهەوا زۆر ئەرێنی و پێشەنگ بوون بەراورد بە بەشەکانی دیکەی عێراق.
بە گوتەی گوتەبێژی دەستەی ژینگە، لە ماوەی کابینەی نۆیەمدا زنجیرەیەک بڕیاری توند و پڕۆژەی گرنگ جێبەجێ کراون، لەوانە:
1. کۆنترۆڵکردن و داخستنی پاڵاوگە نایاساییەکان: لە هەولێر لە کۆی 138 پاڵاوگە، 85 پاڵاوگەی نایاسایی و نەگونجاو لەگەڵ مەرجە ژینگەییەکان داخراون، هەروەها لە دهۆکیش لە کۆی نزیکەی 15 بۆ 16 پاڵاوگە زۆرینەیان داخران، پاڵاوگەکانی دیکەش پابەند کراون بە جێبەجێکردنی مەرجە ژینگەییەکان بەپێچەوانەوە رووبەڕووی یاسا دەکرێنەوە.
2. کەمکردنەوەی پیسبوونی هەوا (پڕۆژەی رووناکی و موەلیدەکان): لە رێگەی پڕۆژەی رووناکی و زیادکردنی کاتژمێرەکانی کارەبای نیشتمانی، نزیکەی 7 هەزار مۆلیدەی گەڕەکەکان لە هەرێم لەکارخراون، ئەمەش وایکرد ناوی هەولێر لە ریزبەندی شارە هەرە پیستەکانی جیهان دەربهێنرێت و کوالێتیی هەوا بە شێوەیەکی بەرچاو باشتر بێت.
3. ریسایکڵکردنی ئاوی قورس: پڕۆژەی چارەسەرکردن و دووبارە بەکارهێنانەوەی ئاوی قورس لە هەولێر، هەنگاوێکی گرنگە بۆ دابینکردنی ئاوی پێویست بۆ باخچە و سەوزاییەکان و نەهێشتنی بۆنی ناخۆش و مەترسییەکانی سەر ئاوی ژێرزەوی.
4. پشتێنەی سەوز و گەشەی بەردەوام: کارکردن لەسەر پڕۆژەی پشتێنەی سەوز لە دەوروبەری شارەکان بە مەبەستی رێگریکردن لە تۆز و خۆڵبارین، هێورکردنەوەی پلەکانی گەرما، شێدارکردنەوەی خاک و پاراستنی سەقامگیریی شارستانی.
5. هاوکات هەبوونی زیاتر لە 180 پۆند و بەنداو لە هەرێمی کوردستان، وایکردووە جووتیار، ئاژەڵدار و گوندنشینان، بە شێوەیەکی ئاسایی و بێ ترس کارەکانیان رابپەڕێنن و بەردەوام بن لە گەشەپێدانی سامانی نیشتمانی و ئابووری کوردستان، هەروەها دابینکردنی رێگەوبان بۆ گوندەکان وایکردووە ئاستەنگی هاتوچۆ و دەست گەیشتن پێداویستی رۆژانە و بە بازاڕکردنی بەرهەمی جووتیاران و بەخێکارانی ئاژەڵ ئاسانتر ببێت، کە ئەمەش رێگریی دەکات لە چۆڵکردن و کۆچی بە کۆمەڵی گوند و ناوچە کشتوکاڵییەکانی هەرێمی کوردستان.
کارەساتی زۆنگاوەکان و وشکەساڵی و کاریگەرییەکانی لەسەر دیمۆگرافیای عێراق:
ئەم هەوڵانەی هەرێمی کوردستان لە کاتێکدایە، بەگوێرەی راپۆرتی نەتەوە یەکگرتووەکان (UNEP)، عێراق لە پلەی پێنجەمی ئەو وڵاتانەی جیهاندایە کە زۆرترین زیانیان لە گۆڕانی کەشوهەوا بەرکەوتووە، لەوانە:
• وشکبوونی زۆنگاوەکان (ئەهوارەکان): زۆنگاوەکانی باشووری عێراق (حەویزە، چبایش و حەممار) کە لە میراتی جیهانیی یونسکۆن، لە 70% بۆ 80%ـی رووبەرەکەیان وشک بووە، هاوکات دابەزینی ئاستی ئاوی دیجلە و فورات بووەتە هۆی بەرزبوونەوەی سوێریی ئاو و لەناوچوونی سامانی ماسی و رووەکی زۆنگاوەکان.
• بەبیابانبوون: زیاتر لە 39%ـی خاکی عێراق بە تەواوی دووچاری بەبیابانبوون بووە، و ساڵانە دەیان هەزار دۆنم زەویی کشتوکاڵی بەهۆی نەبوونی ئاو و گۆڕانی کەشوهەوا دەبنە بیابان و جێدەهێڵدرێن.
کۆچی ناوخۆیی و گۆڕانی دیمۆگرافی:
بەهۆی لەناوچوونی سەرچاوەکانی بژێوی، نەخشەی دانیشتووانی عێراق گۆڕانکاریی ریشەیی بەسەردا هاتووە.
• کۆچی ئیکۆلۆژی (کەشناسی): بەپێی ئامارەکانی رێکخراوی کۆچی نێودەوڵەتی (IOM)، زیاتر لە 130 هەزار بۆ 150 هەزار کەس لە ناوچەکانی باشوور و ناوەڕاستی عێراق (بەتایبەت لە پارێزگاکانی زیقار، میسان، بەسرە و قادسییە) بەهۆی کەمئاوییەوە گوند و ناوچەکانی خۆیان جێهێشتووە.
• لەناوچوونی ئاژەڵداری: بە هەزاران خێزانی گوندنشین و بەخێوکەری گامێش بەهۆی وشکبوونی سەرچاوەکانی ئاوەوە ناچار بوون سەرجەم ئاژەڵەکانیان بفرۆشن یان لەدەستیان بدەن و بەرەو ناوەندی شارەکان کۆچ بکەن، ئەمەش دیاردەی نیشتەجێبوونی نایاسایی و بێکاریی لە شارە گەورەکاندا دروستکردووە.
لە بەرامبەردا هەموو ئەم هۆکارانە بوونەتە هۆی دروستبوونی فشار لە سەر هەرێمی کوردستان، بە شێوەیەک سەقامگیریی رێژەیی ژینگە و بەردەستبوونی سەرچاوەکانی ئاو لە هەرێمی کوردستان، وایکردووە بەشێک لەم شەپۆلی کۆچە و گۆڕانە دیمۆگرافییە روو لە شارەکانی هەرێم بکات، لە رێگەی هاتن و نیشتەجێبوونی هاووڵاتییان بۆ شارە گەورەکان بەهۆی کەمبوونەوەی ئاو و بە بیابانبوونی ناوچەکانیان لە خوار و ناوەڕاستی عێراق.
دیدگای داهاتوو بۆ رووبەڕووبوونەوەی کارەساتە ژینگەییەکان:
گوتەبێژی دەستەی ژینگە لە کۆتاییدا جەختی لەوە کردەوە، هۆشیاریی تاک و پابەندبوونی کارگە و پڕۆژەکان بە یاسا ژینگەییەکان، کۆڵەکەی سەرەکین بۆ رزگارکردنی نەوەکانی داهاتوو لە کارەساتە ژینگەییەکان. سەنعان هیوای خواست کابینەکانی داهاتووش بە هەمان گوڕوتین و توندوتۆڵی کار لەسەر هێشتنەوەی هاوسەنگیی نێوان گەشەی ئابووری و شارستانی لەگەڵ رێنمایی و پاراستنی ژینگە بکەن، تاوەکو هەرێمی کوردستان وەک قەڵغانێکی بەهێزی پارێزگاریکردن لە بەرامبەر گۆڕانکارییە سەختەکانی کەشوهەوای ناوچەکەدا بە پارێزراوی بمێنێتەوە.