ملادینۆڤ مەرجەکانی حەماس بۆ دانانی چەک ئاشکرا دەکات

نیکۆلای ملادینۆڤ، نوێنەری باڵای ئەنجوومەنی ئاشتی لە کەرتی غەززە رایگەیاند، بزووتنەوەی حەماس ژمارەیەک مەرجی داناوە لە بەرانبەر داماڵینی چەکەکانی، ئاماژەی بەوەش کرد، دانوستانەکان تا ئێستا درێژخایەنن و دوای هەفتەیەک لە گفتوگۆ، هێشتا هەردوولا لە هەمان شوێنی پێشووی خۆیاندا ماونەتەوە.

دووشەممە 20ـی نیسانی 2026، نیکۆلای ملادینۆڤ، نوێنەری باڵای ئەنجوومەنی ئاشتی لە کەرتی غەززە لە لێدوانێکدا گوتی: "ئەگەری رەزامەندی حەماس بۆ داماڵینی چەکەکانی پەنجا بە پەنجەیە"، هەروەها جەختی کردەوە، ئەمریکا تەنها بە رێککەوتنێکی راستەقینە و گشتگیر رازی دەبێت.

لەلایەکی دیکەوە، کەناڵی "i24 news"ی ئیسرائیلی بڵاویکردەوە، ئەنجوومەنی ئاشتی لە غەززە ئەم هەفتەیە لە قاهیرە خولێکی گفتوگۆکانی لەگەڵ شاندێکی حەماس کۆتایی پێهێناوە، ئاماژەی بەوەکردووە، تەوەری سەرەکی گفتوگۆکان پرسی داماڵینی چەکی بزووتنەوەکە بووە بەپێی پلانی دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکا کە وادەی جێبەجێکردنی لەم هەفتەیەدا بەسەرچوو.

بەگوێرەی زانیارییەکانی کەناڵە، شاندی حەماس لە قاهیرە رەتیکردووەتەوە باس لە پرسی داماڵینی چەک بکەن تا ئەو کاتەی ئیسرائیل پێشکەوتن لە جێبەجێکردنی قۆناغی یەکەمی ئاگربەستدا نیشان دەدات، هەروەها داوای هەموارکردنەوەی هەندێک بڕگەی رێککەوتنەکەیان کردووە.

هاوکات، بەرپرسێکی باڵای فەڵەستینی بە "بی بی سی" راگەیاندووە، حەماس ئەو پلانەی بۆ داماڵینی چەک لە کەرتی غەززە رەتکردووەتەوە کە لە چوارچێوەی هەوڵەکانی ئاشتیی دۆناڵد ترەمپدا پێشکەش کرابوو، هەروەها ئەو بەرپرسەی حەماس نیکۆلای ملادینۆڤی تۆمەتبار کرد بەوەی لە بەڕێوەبردنی ئەم دۆسیەیەدا لایەنگری بۆ ئیسرائیل نیشان دەدات.

رۆژی 29ـی ئەیلوولی 2025 ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی پلانی ئاگربەستی لە غەززە پەسندکرد، کە 21 خاڵی لە خۆ دەگرێت، لەنێویدا هاتبوو، ئەنجوومەنی ئاشتی بۆ بەڕێوەبردنی کاتی کەرتی غەززە پێک دەهێنرێت و دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمەریکا سەرۆکایەتی ئەنجوومەنەکە دەکات.