وەزارەتی خوێندنی باڵا رێکاری نوێ بۆ ئەو قوتابیانە دەگرێتەبەر کە لە ئێران دەخوێنن
وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستیی هەرێم، رێکاری نوێ بۆ پاراستنی داهاتووی قوتابیانی هەرێم لە وڵاتی ئێران رادەگەیەنێت و زنجیرەیەک کارئاسانییان بۆ دەکات.
د. یاسین ساڵح حەمە، بەڕێوەبەری گشتیی نێردراوان و پەیوەندییە رۆشنبیرییەکان لە وەزارەتی خوێندنی باڵا، بە کوردستان24ـی راگەیاند، "بەردەوام لەگەڵ زانکۆکان و وەزارەتی خوێندنی باڵای ئێران لەسەر هێڵین بۆ ئاگاداربوون لە دۆخی قوتابیان، بۆ پاراستنی گیانیان، بڕیار دراوە ماوەی مانەوەی قوتابیان لە ناوخۆی هەرێم تاوەکو 1ـی 5ـی 2026، درێژ بکرێتەوە و ئەم ماوەیەش وەک ماوەی خوێندن بۆیان هەژمار دەکرێت."
سەبارەت بە ئەگەری تێکچوونی زیاتری دۆخی ئەمنی، بەڕێوەبەری گشتی ئاماژەی بەوە کرد، بەهۆی کەمیی ژمارەی قوتابیانی خوێندنی باڵا (ماستەر و دکتۆرا)، لە حاڵەتی بەردەوامیی جەنگدا، بە شێوەی میوانداری یان گواستنەوە لە زانکۆکانی هەرێم وەردەگیرێن تا ئەو کاتەی بارودۆخی ئێران ئاسایی دەبێتەوە.
لەبارەی قوتابیانی قۆناخی بەکالۆریۆس، د. یاسین روونیکردەوە، بەهۆی لۆدی زۆری سەر بەشە پزیشکییەکان لە هەرێمی کوردستان، گواستنەوەی 800 قوتابی بۆ زانکۆکانی ناوخۆ کارێکی ئاسان نابێت، بەڵام جەختی کردەوە، ئەگەر دۆخی ئێران ئاسایی نەبووەوە، لە دوای 1ـی 5ـی 2026، هەڵسەنگاندن بۆ دۆخەکە دەکرێت و بڕیاری نوێ لە بەرژەوەندیی قوتابیان دەدرێت.
بەپێی ئامارەکان، لە ئێستا 1200 قوتابی هەرێمی کوردستان لە زانکۆ جیاوازەکانی ئێران دەخوێنن؛ لەو ژمارەیە 400 قوتابی لە قۆناخەکانی خوێندنی باڵا و 800 قوتابیش لە قۆناخی بەکالۆریۆسدان، کە زۆرینەیان لە بەشە پزیشکییەکانن.