هانزی فلیك: چامپیۆنزلیگم دەوێت
فلیك دوو ئاواتی لەگەڵ بارسێلۆنا هەیە
هانزی فلیک، راهێنەری بارسێلۆنا پێش یارییەکەی سبەی بەرامبەر سێلتاڤیگۆ رایگەیاند لە ژیانیدا دوو خەون و ئاواتی، هەیە یەکێکیان بەدەستهێنانی نازناوی چامپیۆنزلیگە.
لە گەڕی 32ـی لالیگا، سبەی یەكشەممە، لە كاتژمێر 10:30ـی شەو بارسێلۆنا میوانداریی سێلتا ڤیگۆ دەكات، پێش ئەم یارییە، هانزی فلیك لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانی دا رایگەیاند ساڵی داهاتوو لەگەڵ بارسێلۆنا هەموو هەوڵێکی خۆان دەدەن خەونی بردنەوەی نازناوی چامپیۆنزلیگ بهێننە دی.
فلیك لەمبارەیەوە دەڵێت: من لە ژیانمدا دوو هیوا و ئاواتم هەیە، یەکەمیان بەدەستهێنانی نازناوی چامپیۆنزلیگە لەگەڵ بارسێلۆنا، وابزانم ئێمە تیپێکی زۆر باشمان دروستکردووە بۆ ساڵانی داهاتوو، وەکو هەموو جارێک گوتوومە پێویستە لە بازاڕی گواستنەوەی یاریزانان بڕیاری دروست بدەین و یاریزانی گونجاو بکڕین، نابێت بڕیاری گەمژانە بدەین بەڵکو دەبێت بزانین لە مێرکاتۆی هاوینە چۆن بڕیاری دروست دەدەین، من بڕوام وایە تیپێکی لاو و نایابمان هەیە و دەتوانین لە ساڵانی داهاتوو ئەم ئاواتەمان بهێنینە دی.
فلیك دەشڵێت: ئاواتی دووەمم ئەوەیە راهێنەری بارسێلۆنا بم کاتێک بە تەواوەتی یاریگای کامپ نوو نۆژەن دەکرێتەوە و یاریگاکە تەواو دەبێت، بەڵام نازانم کەی ئەمە روودەدات.
بە بڕوای من ئێمە لە هەردوو یارییەکەمان بەرامبەر ئاتلێتیکۆ مەدرید لە چامپیۆنزلیگ ئاستێکی بەرزمان پێشکەش کرد و من شانازیی بە تیپەکەمەوە دەکەم، دوای ئەوەی ماڵئاواییمان لە چامپیۆنزلیگ کرد ئێستا پێویستە سەرنجمان لەسەر لالیگا بێت، راستە چەند خاڵێک لەپێشەوەین بەڵام هێشتا نازناوەکەمان مسۆگەر نەکردووە و لالیگا خولێکی قورسە.
من بارسێلۆنام زۆر خۆش دەوێت و دەزانم خەونی هەموو هاندەرێکی بارسێلۆنا بەدەستهێنانی نازناوی چامپیۆنزلیگە، بۆیە ساڵی داهاتوو بەیەکەوە جارێکی دیکە لەپێناوی بەدەستهێنانی نازناوی چامپیۆنزلیگ هەوڵ دەدەینەوە و لەسەر هەوڵەکانمان بەردەوام دەبین.
هانزی فلیك لە ماوەی ئەو دوو وەرزە كە هاتووەتە بارسێلۆنا تەنیا 88 ملیۆن یۆرۆی بۆ خەرج كراوە و چوار نازناویشی بەدەستهێناوە، كە تێیدا دوو سووپەری ئیسپانیا و نازناوێكی لالیگا و جامی شای بردووەتەوە، بەڵام دوو وەرزە نەیتوانیوە چامپیۆنزلیگ بباتەوە، بەڵام نزیكە بۆ دووەم وەرز لەسەریەك فلیك لەگەڵ بارسێلۆنا لالیگا بەدەستبهێنێت.