بانکی ناوەندیی عێراق: پشکی دۆلار بۆ حاجییان و گەشتیاران گەرەنتی کراوە
بانکی ناوەندیی عێراق، جەخت دەکاتەوە، کە تەواوی داواکاریی بانکەکان و کۆمپانیاکانی ئاڵوگۆڕی دراوی بۆ دابینکردنی دۆلاری ئەمریکی جێبەجێ کردووە، کە تایبەت کراوە بە پشکی حاجییان، گەشتیاران و حەواڵە دەرەکییەکان.
سێشەممە، 21ـی نیسانی 2026، بانکی ناوەندیی عێراق، لە راگەیەنراوێکدا ئاماژەی بەوە کرد، "بەردەوامین لە دابینکردنی تەواوی ئەو بڕە دۆلارەی کە لە لایەن بانکەکان و کۆمپانیاکانی ئاڵوگۆڕی دراوەوە داوا دەکرێت، بە تایبەت ئەو بڕە پارانەی کە بۆ خزمەتگوزاریی حاجییان و گەشتیاران تەرخان کراون، سەرەڕای جێبەجێکردنی حەواڵە دەرەکییەکان بە بێ هیچ ئاستەنگێک."
لە راگەیەنراوەکەدا هاتووە، لیستی ناوی ئەو کۆمپانیایانەی کە مۆڵەتی فەرمییان هەیە بۆ فرۆشتنی دۆلار بە گەشتیاران و حاجییان، لە ماڵپەڕی فەرمی بانکی ناوەندیدا بەردەستە. ئەم رێکارە بۆ دڵنیابوونە لەوەی کە پرۆسەی کڕین و فرۆشتنی دراو بە شێوەیەکی شەفاف و بە پێی ئەو ڕێسا و مەرجانە بێت کە پێشتر دیاریی کراون.
بانکی ناوەندیی عێراق، داوا لە هاووڵاتییان دەکات پێش گەشتکردن، سەردانی ماڵپەڕی فەرمی بانک بکەن بۆ ناسینەوەی ئەو بانک و کۆمپانیا باوەڕپێکراوانەی کە دۆلار بە نرخی فەرمی دەفرۆشن، تاوەکو بە دوور بن لە هەر جۆرە قۆستنەوە و مامەڵەیەکی نایاسایی.