لە کەناراوەکانی عومان هێرشکرایە سەر کەشتییەک و پەنجەی تۆمەت بۆ ئێران رادەکێشرێت
دەستەی ئۆپەراسیۆنە بازرگانییە دەریایییەکانی بەریتانیا (UKMTO)، رایگەیاند، کەشتییەکی بارهەڵگر لە کەناراوەکانی عومان رووبەڕووی تەقەکردن بووەتەوە لەلایەن تیمە دەریاییەکانی ئێرانەوە، ئەمەش بووەتە هۆی گەیاندنی زیانی ماددی بە کەشتییەکە بەبێ ئەوەی هیچ زیانێکی گیانی لێ بکەوێتەوە.
چوارشەممە 22ـی نیسانی 2026، دەستەی ئۆپەراسیۆنە بازرگانییە دەریایییەکانی بەریتانیا (UKMTO) رایگەیاند، بەلەمێکی سەر بە سوپای پاسدارانی ئێران بەبێ هیچ ئاگادارکردنەوەیەکی پێشوەختە لە رێگەی بێتەلەوە، لە کەشتییەکە نزیک بووەتەوە و تەقەی لێ کردووە، ئەمەش زیانی گەورەی بە ژووری لێخوڕینی کەشتییەکە گەیاندووە.
هەروەها ئاماژەی بەوەکردووە، هێرشەکە نەبووەتە هۆی ئاگرکەوتنەوە یان دروستکردنی هیچ کاریگەرییەکی خراپ لەسەر ژینگەی دەریاکە، هەروەها جەختکراوەتەوە، تەواوی ئەندامانی تیمی کەشتییەکە سەلامەتن و هیچ بریندارێکیان نییە.
بەهۆی جەنگی نێوان ئێران، ئەمریکا و ئیسرائیل، هێرش کردنە سەر کەشتییەکان لە گەرووی هورمز و ناوچە ئاوییەکانی دیکە کە رێگەی هاتوچۆی بازرگانی جیهانین رووی لە زیاد بوون کردووە، ئەمەش مەترسی لەسەر هاتوچۆی کەشتییەکان، سەلامەستی سەرنشینەکان و کاری بازرگانی زیاتر کردووە و بەشیکیش لە کەشتییەکان بەهۆی ئەو مەترسییانەوە کارەکانیان راگرتووە و لە دەریا و کەناراوەکاندا ماونەتەوە.