حەسەن غەریب: زۆربەی گۆرانییەکانم باس لە ئازار و خۆشییەکانی ژیانم دەکات

ئەمڕۆ چوارشەممە، 22ی نیسانی 2026، حەسەن غەریب، هونەرمەندی گۆرانیبێژی کورد، لەو چاوپێکەوتنە تایبەتەیدا تیشک دەخاتە سەر کارە هونەرییەکانی خۆی و باس لە نوێترین پڕۆژەی هونەری خۆی دەکات.

حەسەن غەریب دەڵێت، "من سوودم لە تەکنەلۆژیای نوێ وەرگرتووە، بەڵام هەمیشە هەوڵمداوە رەسەنایەتی موزیکی جاران لەگەڵ شێوازی نوێ تێکەڵ بکەم."

حەسەن غەریب، هونەرمەندی گۆرانیبێژی کورد، دەربارەی ئەزموونی هونەری خۆی بە کوردستان24ی گوت، "یەکەم ژوانی هونەریم لە ساڵی 1985 بووە، کە لەگەڵ مامۆستا عارف ژەنیاری کارم دەکرد، کە مامۆستای کەمانچە و عود بووە، مامۆستا عارف زۆر هاوکاری منی کردووە دوای ئەوەی گوێبیستی دەنگی من بووە و زۆر سەرسامم بووە، بۆیە پشتیوانی زۆری منی کردووە، هەروەها لەو کاتەدا تیپێکی شەرقی بەناوی تیپی "قیثارە" هەبوو کە لەلایەن مامۆستا محەممەد خزر سەرپەرشتی دەکرا و چەندین ئاهەنگم لەگەڵیان ئەنجامداوە."

حەسەن غەریب گوتیشی، "گۆرانیی "بارگەی خەم" کە لە شیعر و ئاوازی من بووە و لە ساڵی 2001 ناردوومە بۆ مامۆستا ناسری رەزازی، بەڵام دوای گەڕانەوەی مامۆستا ناسر بۆ کوردستان، لەگەڵ شاعیری ناسراو ئەحمەد محەمەد رێککەوتن کراوە کە یەکەم کۆپلەی گۆرانییەکە هەڵبژێردرێت و دوو کۆپلەی دیکە لە گۆرانییەکە زیاد بکرێت. هەر بۆیە ئەو گۆرانییە بووەتە یەکێک لە جوانترین گۆرانییەکان بە دەنگی مامۆستا ناسری رەزازی."

ئەو هونەرمەندە باس لە سوودی تەکنەلۆژیا لەناو هونەری کوردی دەکات و دەڵێت، "من سوودم لە تەکنەلۆژیای نوێ وەرگرتووە، بەڵام هەمیشە هەوڵمداوە رەسەنایەتی موزیکی جاران لەگەڵ شێوازی نوێ تێکەڵ بکەم. من پێموایە موزیکی کوردی لە رابردوودا کە  تیپە بەناوبانگەکانی وەکو، مەولەوی، باوەجیو و تیپی دهۆک هەبوون، بەڵام ئەمڕۆ بەهۆی کاریگەریی موزیکی بیانی، تورکی، فارسی، عەرەبی و ئازەری، موزیکی کوردی بەرەو ونبوون دەڕوات."

حەسەن غەریب ئاماژەی بەوەش دا، "شیعری جوان لە هەموو کات و سەردەمێکدا دەتوانێت هەوێنی گۆرانی بێت، بە مەرجێک ئاواز و دەنگی باشی لەگەڵدا بێت. هەروەها من زۆربەی گۆرانییەکانم باس لە دەرد، ئازار و خۆشییەکانی ژیانی خۆم دەکەن."

 لەکۆتایی قسەکانیدا، حەسەن غەریب باس لە نوێترین پڕۆژەی هونەری خۆی دەکات و دەڵێت، "پڕۆژەیەکی نوێم هەیە و دەمەوێت ئەلبوومێک تۆمار بکەم  بە هاوکاری هاوڕێیان و شاهۆی ساز، کە بەردەوام هانم دەدات  بۆ تۆمارکردنی چەند بەرهەمێکی تازە و کۆن. هیوادارم لە داهاتوویەکی نزیکدا بتوانم ئەو ئەلبوومە تۆمار بکەم و بڵاوی بکەمەوە."

حەسەن غەریب، هونەرمەندی گۆرانیبێژ، خەڵکی شاری کەرکووکە. خاوەنی چەندین بەرهەمی تۆمارکراوە و چەندین شیعری داوە بە هونەرمەندان و هەواداری تایبەت بەخۆی هەیە.