ئیسرائیل داوا دەکات لوبنان بۆ رووبەڕووبوونەوەی حزبوڵڵا هاوکارییان بکات
جەدعون ساعر، وەزیری دەرەوەی ئیسرائیل، داوای لە حکوومەتی لوبنان کرد هەوڵەکان یەکبخەن و هاوکاری ئیسرائیل بکەن بۆ بەرەنگاربوونەوەی حزبوڵڵا، ئەمەش تەنیا رۆژێک پێش دەستپێکردنەوەی گفتوگۆ چاوەڕوانکراوەکانی نێوانیان لە واشنتن.
چوارشەممە 22ـی نیسانی 2026، جەدعون ساعر وەزیری دەرەوەی ئیسرائیل لە میانی وتارێکدا لەبەردەم دیپلۆماتکاران، بەبۆنەی یادی 78 ساڵەی سەربەخۆیی ئیسرائیلەوە رایگەیاند: "سبەی گفتوگۆی راستەوخۆ لە نێوان ئیسرائیل و لوبنان لە واشنتنی پایتەختی ئەمریکا دەستپێدەکاتەوە.
هاوکات وەزیری دەرەوەی ئیسرائیل گوتی، داوا لە حکوومەتی لوبنان دەکەم هاوکارمان بن دژی ئەو رێکخراوە تیرۆریستییەی کە حزبوڵڵا لەسەر خاکەکەتان دروستی کردووە."
وەزیری دەرەوەی ئیسرائیل ئاماژەی بەوەش کرد، ئەم هاوکارییە زیاتر لەوەی بۆ ئیسرائیل پێویست بێت، بۆ خودی لوبنان پێویستە و گوتی: "ئەم هەنگاوە پێویستی بە بوێری و روونیی ئەخلاقی هەیە، بەڵام هیچ جێگرەوەیەکی راستەقینە نییە بۆ مسۆگەرکردنی داهاتوویەکی پڕ لە ئاشتی بۆ ئێوە و بۆ ئێمەش."
رۆژی هەینی، 20ـی نیسانی 2026، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا، ئاگربەستێکی بۆ ماوەی 10 رۆژ لە نێوان ئیسرائیل و لوبناندا راگەیاند. ئامانج لەم هەنگاوەی ترەمپ وەستاندنی کاتیی گرژییەکان و رەخساندنی دەرفەتێک بوو بۆ دانوستانی دیپلۆماسی و گەیاندنی هاوکارییە مرۆییەکان بە لێقەوماوان.
راگەیاندنی ئەم ئاگربەستە، چەند رۆژێک دوای کۆبوونەوەی باڵیۆزانی لوبنان و ئیسرائیل دێت لە واشنتن، ئەوەش یەکەم کۆبوونەوەی راستەوخۆی نێوان هەردوو وڵات بوو لە دوای چەندین دەیە، چونکە لە رووی یاساییەوە لە ساڵی 1948ـەوە ئەو دوو وڵاتە لە باری جەنگدان.