هیچ بڕیارێک بۆ دواخستنی گەشتی حاجیانی بە تەمەن نییە
بەڕێوەبەرایەتی گشتیی حەج و عومرەی هەولێر وردەکاریی نوێ لەبارەی سیستەمی ناونووسین، تەمەنی حاجیان و رێکارەکانی دواخستن یان گۆڕینی ناوی ئەو کەسانە بڵاودەکاتەوە کە بەهۆکاری جیاواز ناتوانن گەشتی حەج ئەنجام بدەن.
ئەمڕۆ پێنجشەممە، 23ـی نیسانی 2026، کاروان ستوونی، بەڕێوەبەری گشتی حەج و عومرەی هەولێر لە لێدوانێکی تایبەتدا بۆ ماڵپەڕی کوردستان24 رایگەیاند: "لە ساڵی 2025ەوە بە فەرمانی مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان و بە هەماهەنگی لەگەڵ فەرمانگەی تەکنەلۆژیای زانیاری، پڕۆژەی ناونووسینی ئەلیکترۆنیمان راگەیاندووە. ئەم سیستەمە زۆر پێشکەوتوو و دادپەروەرانەیە و لەسەر ئاستی ناوچەکەش بە یەکێک لە باشترینەکان دادەنرێت."
سەبارەت بەو کەسانەی ناویان دەرچووە بەڵام ناتوانن گەشت بکەن، ستوونی ئاماژەی بەوە کرد: "ئەو کەسانەی پشکنینی تەندروستییان بۆ دەکرێت و دەردەکەوێت ناتوانن گەشت بکەن، یان ئەگەر حاڵەتێکی وەک مردن یان نەخۆشییەکی زۆر سەخت بێتە پێش، دەتوانرێت گەشتەکەی بۆ ساڵێکی دیکە دوابخرێت یان کەسێکی پلە یەکی خێزانەکەی (وەک کوڕ یان کچ) لە شوێنی خۆی دابنرێت بۆ ئەوەی مافەکەی نەسوتێت."
لەبارەی تەمەنیشەوە، بەڕێوەبەری گشتیی حەج و عومرەی هەولێر روونیکردەوە، سعوودیە تەمەنی 70 ساڵی وەک مەرج داناوە (بۆ ئەو کەسانەی لە دایکبووی پێش ساڵی 1955ن)، بەڵام ئەوان هەموو کارئاسانییەکیان بۆ حاجیانی هەرێم کردووە. هەروەها گوتیشی: "ئەوانەی دەیانەوێت بە رێگەی وشکانی یان ترانزێت گەشت بکەن، پێویستە لە دادنووس بەڵێننامە پڕبکەنەوە کە لەسەر بەرپرسیارێتی خۆیان گەشتەکە دەکەن."
لەلایەکی دیکەوە، رۆژگار جەعفەر، بەڕێوەبەری بەشی راگەیاندنی حەج و عومرە، جەختی کردەوە، تاوەکو ئێستا هیچ بڕیارێکی فەرمی گشتگیر نییە بۆ دواخستنی گەشتی حەجی ئەو کەسانەی تەمەنیان گەورەیە بۆ ساڵی ئاییندە، تەنیا لەو حاڵەتانەدا نەبێت کە هۆکاری تەندروستیی کوشندە یان مردنیان لەپشتە.
رۆژگار جەعفەر گوتی: "بە پێچەوانەی حکوومەتی عێراقی رەنگە بۆ تەمەنە زۆر گەورەکان (وەک 80 و 90 ساڵ) کارئاسانی بکەن بۆ دواخستنی گەشتەکەیان، لای ئێمە ئەو بڕیارە نییە. چونکە زۆربەی حاجیانی هەرێم ئەمساڵ گەنجن، هەر کەسێک کە ناوی بۆ حەج دەردەچێت، ناتوانێت بەبێ هۆکار گەشتەکەی دوابخات."
ناوبراو باسی لەوەش کرد، ئەگەر کەسێک ڤیزەی بۆ کرابێت و دواتر بەهۆی نەخۆشییەکی خراپەوە نەتوانێت بڕوات، تەنیا دەتوانێت ڤیزەکەی هەڵبوەشێنێتەوە و پارەکەی بۆ بگەڕێتەوە، بەڵام ئەمە بە واتای ئەوە نایەت کە مافەکەی بۆ ساڵی داهاتوو پارێزراو بێت، مەگەر بەو مەرجانەی کە پێشتر ئاماژەیان پێکراوە.
رۆژگار جەعفەر راشیگەیاند؛ هەر کەسێک بە ڤیزای جیاواز (جگە لە ڤیزای حەج) بە قاچاخ یان بە شێوەی نائاسایی بڕوات بۆ حەج، بە توندی سزا دەدرێت. سزاکەش دارایی دەبێت و لە 5 هەزار دۆلارەوە دەستپێدەکات و دەگاتە زیندانیکردنیش. بۆیە داوا لە هاووڵاتیان دەکەین تەنیا لە رێگەی فەرمیی وەزارەتی ئەوقافەوە سەفەر بکەن."
بەڕێوەبەرایەتی حەج و عومرە داوا لە هاووڵاتیان دەکات پابەندی رێنماییەکان بن و دڵنیایان دەکاتەوە، هەموو هەوڵێک بۆ خزمەتکردنی حاجیانی هەرێمی کوردستان دەدەن تاوەکو بە باشترین شێوە فەریزەی حەج ئەنجام بدەن.