ئەم وەرزە بۆ یامال کۆتایی هات
یانەی بارسێلۆنا لە گەڕی 32ـی خولی ئیسپانیا و لە یاریگای خۆی توانی بە ئەنجامی 1-0 ل ەسێلتاڤیگۆ بباتەوە، بەڵام ئەوەی هاندەرانی یانە کەتەلۆنیەکەی نیگەران کردووە، پێکانی لامین یامال ئەستێرەی لاوی یانەکەیانە.
لامین یامال ئەستێرەی یانەی بارسێلۆنا لەو یارییە لە خولەکی 39 لەلایەن بەرگریکاری یانەی سێلتاڤیگۆ پێنالتی لەسەر هەژمار کرا، هەر ئەو کاتە ئەستێرەکەی بارسا هەستی بە پێکان کرد، کەچی خۆی لێدانە سزاکەی جێبەجێ کرد و گۆڵی بردنەوەی یانەکەی کرد، بەڵام دوای لێدانە سزاکە یەکسەر یاریگای جێهێشت.
رۆژنامەی سپۆرتی کەتەلۆنی دوای یارییەکە بڵاویکردەوە، پشکنینە سەرەتاییەکان دەریانخستووە پێکانەکەی یامال قورسە و ئەم وەرزە بۆ گۆڵکارەکەی بلاوگرانا کۆتایی هاتووە، بەم شێوەیە ئەو یاریزانە بەشداری یاری کلاسیکۆ بەرامبەر ریاڵ مەدرید ناکات، کە بڕیارە هەردوو یانە لە گەڕی 35ـی لالیگا و رۆژی 10ـی مانگی داهاتوو رووبەڕووی یەکتری ببنەوە.
سەرچاوەکە بڵاویشی کردووەتەوە بێجگە لە یارییەکانی ئەم وەرزەی بارسێلۆنا، مەترسی لەسەر یامال هەیە کە بەهۆی ئەو پێکانەی لە رانیدا تووشی بووە، بەشداری یەکەم یاری هەڵبژاردەکەی لە مۆندیالی 2026 نەکات، کە بڕیارە یارییەکە رۆژی 15ـی مانگی شەشی ئەمساڵ بەرامبەر کەپ ڤێردی بکرێت.