فیلمێکی کوردی دوو خەڵاتی لە فێستیڤاڵی نێودەوڵەتیی سینەمایی لە ئەمریکا بە دەست هێنا

فیلمی سینەمایی "نشینگەی ونبوو"، کە لە دەرهێنانی رامان ئەبوبەکرە، دوو خەڵاتی لە فێستیڤاڵی نێودەوڵەتیی سینەمایی لە ئەمریکا لە شاری لۆس ئەنجلێس بە دەست هێنا.

ئەمڕۆ هەینی، 24ـی نیسانی 2026، رامان ئەبوبەکر، دەرهێنەری ئەو فیلمە بە کوردستان24ـی گوت: " لەم فێستیڤاڵەدا خەڵاتی باشترین فیلم و باشترین کورتەفیلمی سەربەخۆمان بە دەست هێنا. فێستیڤاڵەکە یەکێکە لە فێستیڤاڵە نێودەوڵەتییەکانی فیلم کە لە شاری لۆس ئەنجلێسی ئەمریکا بەڕێوە دەچێت و ماوەی 8 ساڵە بەردەوامە و وەک پردێک کار دەکات بۆ بەستنەوەی سینەماکارانی سەربەخۆی جیهان بە پیشەسازی سینەمای هۆڵیوود. هەروەها دەستەی دادوەران پێکهاتوون لە کەسایەتی و پسپۆڕانی ئەکادیمی و پیشەسازی سینەما، کە هەندێکیان بەشێکن لە هۆڵیوود، بۆیە ئەو خەڵاتانەی کە لەم فێستیڤاڵە دەدرێن، بایەخێکی زۆریان هەیە.

رامان ئەبوبەکر گوتیشی: "چیرۆکی فیلمەکە لە ناو رژێمێکی دیکتاتۆردا روو دەدات، کە نەک تەنیا جەستە، بەڵکو عەقڵ و بیرکردنەوەی مرۆڤیش کۆنترۆڵ دەکات. چیرۆکەکە دەربارەی هونەرمەندێکە بە ناوی ژاکۆ، کە بە دوای ژیان و چارەنووسی خۆی دەگەڕێت. ژاکۆ، گەنجێکی کوردە کە دەستگیر کراوە و بۆ بنکەیەکی نهێنی نێردراوە، شوێنێک کە تایبەت کراوە بۆ سڕینەوەی بیر و مێشکی مرۆڤ."

ئەو دەرهێنەرە باس لە ناوەڕۆکی فیلمەکە دەکات و دەڵێت: " لە فیلمەکەدا ژاکۆ دژی شۆردنەوەی مێشک رادەوەستێت، لە لایەن سەرپەرشتیارێکی دڵڕەقەوە تووشی ئەشکەنجە و ئازار دەبێت. بەهۆی ئەو ئەزموونانەوە، ناچار دەبێت رووبەرووی پارچەکانی رابردوو و ناسنامەی خۆی ببێتەوە، بۆیە فیلمەکە تەنیا چیرۆکی زیندانیبوون نییە، بەڵکو چوونە ناو قووڵایی میکانیزمەکانی کۆنترۆڵ و چۆنیەتی زیندووکردنەوەی یادەوەرییە لە ناو مرۆڤدا."

رامان ئەبوبەکر ئاماژەی بەوەش دا، "ئەم کورتەفیلمە 39 خولەکە و بە بودجەیەکی مامناوەند بەرهەم هێنراوە. من  توانیومە بە شێوەیەکی کاریگەر فیلمەکە بەرهەم بهێنم، بە بەکارهێنانی شوێنە دیاریکراوەکان و جەختکردنەوە لەسەر گەشەی کەسایەتییەکان، پەیامی فیلمەکەم بەهێز گەیاندووە. هەروەها ئەم کارە هونەرییە، لە هەمان کاتدا کە هەستیار و تایبەتە، رەهەندێکی فراوانیشی  هەیە، چونکە باس لە زەبری دەروونی مرۆڤ دەکات."

فیلمی "نشینگەی ونبوو"، کاری دوا قۆناغی خوێندنی ساڵی 2025ـی هەردوو قوتابی رامان ئەبوبکر و یارۆ حوسێن میسرییە، هەریەکە لە؛ یارۆ حوسێن میسری، هۆشیار محەمەد، ئەمین رزگار و هێلین ئاوات، رۆڵی سەرەکی تێدا دەگێڕن، ئەو فیلمە لە فێستیڤاڵە نێودەوڵییەکان خەڵاتی بە دەست هێناوە و لە چەندین فێستیڤاڵی دیکەش وەرگیراوە.