سانچێز وەڵامی راپۆرتەکانی هەڵپەساردنی ئەندامێتیی ئیسپانیا لە ناتۆ دەداتەوە

پێدرۆ سانچێز، سەرۆکوەزیرانی ئیسپانیا
پێدرۆ سانچێز، سەرۆکوەزیرانی ئیسپانیا

سەرۆکوەزیرانی ئیسپانیا وەڵامی ئەو دەنگۆیانە دەداتەوە کە باس لە هەڵپەساردنی ئەندامێتی وڵاتەکەی لە ناتۆ دەکەن، جەختیش لەوە دەکاتەوە کە مەدرید هاوپەیمانێکی پابەندە، بەڵام لە چوارچێوەی یاسا نێودەوڵەتییەکاندا.

هەینی، 24ـی نیسانی 2026، پێدرۆ سانچێز، سەرۆکوەزیرانی ئیسپانیا، لە گوتارێکیدا لەبەردەم سەرکردەکانی ئەوروپا لە قوبرس، گوتی: حکوومەتەکەی بەردەوام دەبێت لە پاراستنی هاوکارییەکانی لەگەڵ وڵاتانی هاوپەیمان لە چوارچێوەی هاوپەیمانیی باکووری ئەتڵەسی (ناتۆ).

سانچێز گرنگیی ئەو راپۆرتانەی بە کەم زانی کە ئاماژە بەوە دەکەن بەرپرسانی ئەمریکی تاوتوێی هەڵپەساردنی ئەندامێتیی مەدرید لە هاوپەیمانییەکە دەکەن، بەهۆی هەڵوێستەکەی سەبارەت بە جەنگی دژی ئێران.

هاوکات روونی کردەوە، کە "ئیسپانیا لەسەر بنەمای ئیمەیڵەکان کار ناکات، بەڵکو پشت بە بەڵگەنامە و هەڵوێستە فەرمییەکانی حکوومەتی ئەمریکا دەبەستێت."

سەرۆکوەزیرانی ئیسپانیا لە درێژەی قسەکانیدا جەختی لەوە کردەوە، کە مەدرید وەک ئەندامێکی پابەندی ناتۆ دەمێنێتەوە.

سانچێز دووپاتی کردەوە کە: "هیچ بوارێک بۆ گفتوگۆکردن لەسەر ئەمە نییە، ئێمە پابەندین بە بەڵێنەکانمان و دڵسۆزین، هەڵوێستی حکوومەتی ئیسپانیش روونە؛ هاوکاریی تەواوەتی لەگەڵ هاوپەیمانان، بەڵام هەمیشە لە چوارچێوەی یاسای نێودەوڵەتیدا."

هەر ئەمڕۆ ئاژانسی رۆیتەرز لە راپۆرتێکدا ئاشکرای کردبوو، کە وەزارەتی جەنگیی ئەمریکا (پێنتاگۆن) خەریکی تاوتوێکردنی چەند بژاردەیەکە بۆ سزادانی ئەو وڵاتانەی ئەندام لە ناتۆ کە لە جەنگی ئێراندا پشتیوانیی واشنتنیان نەکردووە. بژاردەکان بریتین لە هەڵپەساردنی ئەندامێتیی ئیسپانیا لە هاوپەیمانێتییەکە و پێداچوونەوە بە پشتگیریی دیپلۆماسیی ئەمریکا بۆ بەریتانیا لە کێشەی دوورگەکانی فۆکلاند.

ئیسپانیا یەکێک بوو لە دیارترین ئەو وڵاتە ئەوروپییانەی ئەندام لە "ناتۆ" کە رەخنەی لە ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکەی ئەمریکا لە ئێران گرت و بە کارێکی "نایاسایی" وەسفی کرد. 

ئەمە لە کاتێکدایە کە واشنتن دوو بنکەی سەربازیی گرنگی لە ئیسپانیادا هەیە، ئەوانیش بنکەی دەریایی (رۆتا) و بنکەی ئاسمانیی (مۆرۆن)ن.

هەروەها پەیوەندییەکانی نێوان واشنتن و مەدرید لە ساڵی رابردووەوە گرژیی تێکەوتووە، ئەوەش دوای ئەوەی سانچێز داواکارییەکانی بۆ خەرجکردنی لە %5ـی داهاتی ئابووریی وڵاتەکەی بۆ کەرتی بەرگری رەت کردەوە. 

ترەمپ سەرکردایەتیی ئیسپانیای بە "تۆقێنەر" وەسف کردووە و چەندین جار هەڕەشەی تۆڵەسەندنەوە و پچڕاندنی پەیوەندییە بازرگانییەکانی لەگەڵ مەدرید کردووە.