وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا بۆ کوردستان 24: رووسیا بۆ کۆبوونەوەکانی گرووپی 20 بانگهێشت کراوە
وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا بۆ کوردستان24، رایگەیاند، رووسیا بۆ بەشداریکردن لە کۆبوونەوەکانی گرووپی G20 بانگهێشت کراوە، بەڵام هێشتا روون نییە ئایا ڤلادیمێر پوتن، سەرۆکی رووسیا، خۆی بەشداری لە لوتکەکەدا دەکات یان نا.
هەینی 24ـی نیسانی 2026، وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا لە وەڵامی پرسیارێکی کوردستان 24ـدا رایگەیاند: "وەک ئەندامێکی گرووپی 20، رووسیا تاوەکو ئێستا بۆ هەموو کۆبوونەوەکان لەسەر ئاستی کارگێڕی (working-level) بانگهێشت کراوە، ئاماژەی بەوەشکرد، دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکا بە روونی ئاماژەی بەوە کردووە، رووسیا دەتوانێت بەشداری لە هەموو کۆبوونەوەکانی گرووپی 20ـدا بکات، چونکە ئەمریکا جەخت لەسەر ئەنجامدانی لوتکەیەکی سەرکەوتوو و بەرهەمدار دەکاتەوە".
ئەم لێدوانە نیشانەی هەڵوێستی فەرمیی واشنتنە کە سەرەڕای گرژییە جیۆپۆلیتیکییەکان، رووسیا وەک ئەندامێکی گرووپی 20 دەبینێت و پێی وایە دەبێت لە ناو چوارچێوەی لوتکەکەدا بمێنێتەوە.
لە بەرانبەردا، کۆشکی کرێملین رایگەیاند، ئەگەری هەیە ڤلادیمێر پوتن، سەرۆکی رووسیا، بەشداری لە لوتکەی گرووپی (G20) بکات کە بڕیارە لە شاری میامی لە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا بەڕێوەبچێت، بەڵام هێشتا بڕیاری کۆتایی نەدراوە.
لای خۆیەوە، دمیتری پێسکۆڤ، گوتەبێژی رایگەیاند: "رەنگە سەرۆک پوتن بچێتە میامی، یانیش رەنگە نوێنەرێکی دیکەی رووسیا بەشداری بکات، بە دڵنیاییەوە لە هەر بارودۆخێکدا بێت، رووسیا نوێنەرایەتییەکی شایستەی لە کۆبونەوەکەدا دەبێت".
پێسکۆڤ ئاماژەی بەوەش کرد، مۆسکۆ لوتکەی گرووپی 20 بە زۆر گرنگ دەزانێت، بە تایبەت بەهۆی زیادبوونی قەیرانەکان لە ناوچە جیاوازەکانی جیهاندا.
سەبارەت بە پەیوەندییەکانی رووسیا لەگەڵ وڵاتە پیشەسازییەکان، کرێملین جەختی کردووەتەوە، گرووپی حەوت (G7) بۆ ئەوان بێ سوودە و گرنگییەکی ئەوتۆی نەماوە، بەڵام لوتکەی گرووپی 20 پێگەیەکی کاریگەری هەیە.
گرووپی G20 لە ساڵی 1999 دامەزراوە و ئەندامانی ئەو گرووپە لە (یەکێتی ئەوروپا، ئەمەریکا، کەنەدا، ئەڵمانیا، فەرەنسا، بەریتانیا، چین، ئوسترالیا، ئیتاڵیا، بەرازیل، ئەرجەنتین، رووسیا، تورکیا، هیندستان، کۆریای باشوور، سعوودیە، ئیندۆنیزیا، باشووری ئەفریقا، ژاپۆن و مەکسیک) پێکهاتوون.
ئەندامانی گرووپی G20، 75%ـی کۆی بازرگانی جیهان پێکدەهێنن و دوو لەسەر سێی دانیشتووانی جیهان پێکدەهێنن کە خاوەنی 60%ـی خاکی جیهانن کە بە ئامانجی دامەزراندنی دۆزینەوەی چارەسەر بۆ قەیرانە ئابوورییە جیهانییەکان پێکهێندراوە.