بۆ هاوسەرانی نوێ، رێکارەکانی وەرگرتنی کارتی ئەلیکترۆنی سووتەمەنی راگەیەندرا
بەڕێوەبەرایەتی نەوت و کانزاکانی هەولێر ئاگادارییەکی بۆ ئەو هاووڵاتیانە بڵاوکردەوە کە هاوسەرگیرییان کردووە، بەڵام بەهۆی وەستانی مامەڵەی دروستکردنی فۆرمی نوێی خۆراک، تاوەکو ئێستا نەبووەتە خاوەنی فۆرمی سەربەخۆ، بۆیە بڕیاردرا کارتی ئەلیکترۆنی سووتەمەنییان بۆ دروست بکرێت.
هەینی 24ـی نیسانی 2026، بەڕێوەبەرایەتی نەوت و کانزاکانی هەولێر، ئەو هاووڵاتیانە ئاگادار دەکاتەوە کە تازە هاوسەرگیرییان کردووە و خاوەنی فۆرمی خۆراکی تایبەت بە خۆیان نین، دەتوانن بەم رێکارانەی کە دیاریکراوە پسوولەی ئەلیکترۆنی وەرگرتنی سووتەمەنی وەربگرن، ئاماژەی بەوەشکردووە، ئەم بڕیارە تەنها ئەو هاووڵاتیانە دەگرێتەوە کە سەر بە بنکەکانی خۆراکی 201 تاوەکو 223، بە مەبەستی بێبەشنەبوونیان لە وەرگرتنی سووتەمەنی.
مەرج و بەڵگەنامە پێویستەکان:
1- فۆرمی خۆراکی ماڵی باوکی کوڕەکە دەبێت هی هەولێر بێت و ساڵی (2020-2021) بێت (ئەسڵ و کۆپی).
2- بەڵگەنامەی هاوسەرگیری "عەقدی زەواج" (ئەسڵ و کۆپی).
3- کارتی نیشتمانیی پیاوەکە (ئەسڵ و کۆپی) لەگەڵ فۆرمی خۆراک لەسەر یەک لاپەڕەی A4 چاپ کرابێت.
تێبینییەکان:
کات: هاووڵاتیان دەتوانن لە رۆژی یەکشەممە، رێکەوتی 26ـی نیسانی 2026، دەست بکەن بە سەردانیکردنی بەڕێوەبەرایەتییەکە.
شوێن: بەڕێوەبەرایەتی نەوت و کانزاکانی هەولێر - شەقامی 100 مەتری - پشت بەڕێوەبەرایەتی حەج و عومرە.
ئاگاداری: پێویست ناکات هاووڵاتیان بۆ ئەم مەبەستە سەردانی بەڕێوەبەرایەتی خۆراک یان بنکەکانی پسوولەی خۆراک بکەن.