بڕیارە سبەی پارەی گەنمی جووتیاران دابەش بکرێت
بەڕێوەبەری گشتیی بازرگانی هەرێمی کوردستان، لە لێدوانێکی تایبەتدا بۆ ماڵپەڕی کوردستان24 کاتی دابەشکردنی گوژمەیەکی نوێی پارەی گەنمی جووتیارانی ساڵی 2025 راگەیاند و گوتی: "سبەی یەکشەممە لە هەولێر و دهۆک دەست بە دابەشکردنی پارەکە دەکرێت، هەروەها لە سلێمانیش رۆژی چوارشەممە پرۆسەکە دەست پێدەکات."
سەبارەت بە شێوازی دابەشکردنەکە، ئەمڕۆ شەممە، 25ـی نیسانی 2026، نەوزاد شێخ کامیل، بەڕێوەبەری گشتیی بازرگانی روونی کردەوە، پارەکە بەپێی رۆژی وەرگرتنی گەنمەکە لە سایلۆکان دابەش دەکرێت. ئاماژەی بەوەش کرد، هەر جووتیارێک ژمارەی ریزبەندی تایبەت بە خۆی هەیە و بەپێی ئەو ریزبەندییە پارەکە دەدرێت بۆ ئەوەی هیچ کەسێک تووشی غەدر نەبێت.
لەبارەی بڕی ئەو پارەیەی کە لە بەغداوە هاتووە، نەوزاد شێخ کامیل ئاشکرای کرد: "ئەمەی ئێستا گەیشتووە گوژمەی چوارەمە هی ساڵی 2025، کە بڕەکەی 8 ملیار و 945 ملیۆن دینارە."
هەروەها وردەکاریی کۆی گشتیی شایستە داراییەکانی خستەروو و گوتی: "پێشتر بڕی 204 ملیار و 757 ملیۆن و 295 هەزار دینارمان لابوو، ئێستاش ئەم 8 ملیار و 945 ملیۆنەی ناردووە. بەگوێرەی ئەو بڕە پارەیە بێت، هێشتا نزیکەی 95 بۆ 96 ملیار دیناری دیکەی پارەی گەنمی جووتیاران بۆ ساڵی 2025 لای حکوومەتی عێراق ماوە کە هێشتا رەوانەی نەکردووە."
پێشتر سەروەر هاواری بریکاری وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازی هەرێمی کوردستان لە لێدوانێکی تایبەتدا بۆ کوردستان24، رایگەیاند؛ حکوومەتی عێراق بڕی 8 ملیار و 945 ملیۆن دینار، وەک شایستەی دارایی جووتیاران بۆ ساڵی 2025، ناردووە.
بریکاری وەزارەتی بازرگانی رایگەیاند؛ دابەشبوونی پارەکە بەسەر پارێزگاکانی هەرێمی کوردستاندا بەم شێوەیە دەبێت:
پارێزگای سلێمانی: 3 ملیار و 498 ملیۆن دینار.
پارێزگای هەولێر: 2 ملیار و 842 ملیۆن دینار.
پارێزگای دهۆک: 2 ملیار و 605 ملیۆن دینار.
20ـی نیسانی 2026، سەروەر کەمال هاواری ئاماژەی بەوەش دا، هەرچەندە بڕیارە ئەم شایستە داراییانە دابەش بکرێن، بەڵام پرۆسەکە زۆر دواکەوتووە و پێویست بوو جووتیاران زووتر شایستە داراییەکانیان وەربگرتایە.
ساڵی 2024 حکوومەتی عێراق نزیکەی 700 هەزار تۆن گەنمی جووتیارانی هەرێمی کوردستان وەرگرت، 2025 عێراق تەنیا 400 هەزار تۆن گەنمی جووتیارانی هەرێمی کوردستانی وەرگرت، ئەمساڵ بڕەکەی کەمتر کردووەتەوە بۆ 292 تۆن.