سەدر داوا دەکات ئەندامانی سەرایا سەلام لە کەربەلا چەکەکانیان دابنێن
موقتەدا سەدر، رێبەری رەوتی نیشتمانیی شیعە، چەند بڕیاری توند و کتوپڕی دژی ئەندامانی سەرایا سەلام لە پارێزگای کەربەلا دەرکرد، ئەوەش لە پاشکۆی ئەو رووداوانەی دوێنێ لەو شارەدا روویاندا.
شەممە 25ـی نیسانی 2026، موقتەدا سەدر، رێبەری رەوتی نیشتمانیی شیعە، لە بەیاننامەیەکدا داوای لە یاریدەدەری جیهادیی خۆی کردووە، لە ماوەی تەنها 5 رۆژدا تەواوی چەک و کەرەستە سەربازییەکان لە هەموو پێکهاتەکانی سەرایا سەلام چ ئەوانەی کاران و چ ئەوانەی سڕکراون لە ناو شاری کەربەلا بکێشرێنەوە.
لە بڕیارەکاندا هاتووە، دەبێت لە ماوەی مانگێکدا تەواوی پێکهاتەی سەرایا سەلام لە کەربەلا هەڵوەشێندرێتەوە و سەرکردایەتییەکان بگۆڕدرێن، هەروەها سەدر جەختی کردووەتەوە، دەبێت پرۆسەیەک بۆ چاودێریکردن و پاڵاوتنی ئەندامان دەست پێبکات و لە جیاتی ئەوان، کەسانی شیاو و گونجاو لە ناو خەڵکی کەربەلا خۆیان بۆ بەڕێوەبردنی کارەکان دیاری بکرێن.
لە بەشێکی دیکەی بەیاننامەکەدا سەدر بە توندی بێبەریبوونی خۆی و بنەماڵەی "ئاڵی سەدر"ی لەو کەسانە راگەیاند کە لە رووداوە "تاوانکارییەکانی" دوێنێدا تێوەگلاون و دەڵێت: "ئەوانە ناوبانگی بنەماڵەی سەدر، مەزهەب و ئایین و نیشتمانیشیان شێواندووە"، هەروەها ئاماژەی بەوە کرد، بەدووری نازانێت ئەو کەسانە "تیرۆریست و دوژمنی ئیمام حوسێن" بن.
رێبەری رەوتی نیشتمانیی شیعە چەند فەرمانێکی دیکەی دەرکردووە، لەوانە:
1- وەرگرتنەوەی هەموو جۆرە ئۆتۆمبێلێکی تایبەت و گشتی لەو کەسانە.
2- بڵاوکردنەوەی ناو، وێنە و ناونیشانی تێوەگلاوان بە مەبەستی شەرمەزارکردنیان.
3- قەدەغەکردنی هەر جۆرە مامەڵەیەک لەگەڵیاندا و بە تاوان هەژمارکردنی هاوکارییکردنیان.
4- رادەستکردنیان بە لایەنە پەیوەندیدارەکان بۆ سزادانی یاسایی، سەدر ئاماژەی بەوە کردووە، "سێدارە" کەمترین سزایە کە شایستەی هەندێکیان بێت.
ئەم فەرمانەی موقتەدا سەرد رێبەری رەوتی نیشتمانی شیعە دوای ئەوە دێت، شەوی رابردوو لە ناوچەی حەڕ لە ناوەندی شاری کەربەلا، بەهۆی شەڕ و پێکدادانی چەکداری لەنێوان ئەندامانی سەریا سەلام و گرووپێکی جیابوەوەی رەوتی سەدر بەناوی ئەزهەرییەکان، کەسێک کوژراوە و دوو کەسی دیکەش برینداربوون.
هەر لە بارەی پێکدادانەکەوە، چەند سەرچاوەیەکی بڵاویانکردووەتەوە، کەسە کوژراوەکە ناوی محەمەد جەمیل عەبودییە، کە بەرپرسی هەماهەنگییە ئەمنییەکانی سەرایا سەلامە لە لیوای کەربەلا.
دوای شەڕەکەش چەکدارەکانی بەناوی ئەزهەرییەکان بەرەو شوێنێکی نادیار هەڵاتوون و هیچ کەسێکیش بەهۆی ئەو شەڕو پێکدادانە چەکدارییە دەستگیر نەکراوە، هاوکات هیچ هۆکارێکی پشتەوەی شەڕەکەش ئاشکرا نەکراوە.
پاش ئاڵۆزییەکان، یاریدەدەری جیهادی سەرایا سەلام فەرمانێکی دەرکردووە و ئاماژەیداوە، لە پێناو بەرژەوەندی گشتی و پاراستی ئاسایش و سەقامگیریی پارێزگای پیرۆزی کەربەلا، سەرایا سەلام سەرجەم بنکە و بارەگاکانی لەم پارێزگایە دادەخات، هاوکات دامەزراوە ئەمنییەکان دەبێت یاسا جێبەجێ بکەن و رێکاریی توند بەرانبەر بەو کەسانە بگرنەبەر کە ئەو کردەوە قێزەونەیان کردووە، بۆ ئەوەی بە سزای خۆیان بگەیەندرێن.
رەوتی سەدر لە 13ی ئەیلوولی 2024، گرووپی ئەزهەرییەکانی لە پێکهاتەی باڵی سەربازی سەرایا سەلام دەرکرد، هەر ئەو کاتە بە نووسراوی فەرمی دامەزراوە ئەمنییەکانی فیدراڵی ئاگادار کردەوە، کە ئەزهەرییەکان هیچ پەیوەندییەکان بە رەوتی سەدر و سەرایا سەلام نەماوە و بەرپرسیاریش نین لەو کردەوانەی دەکرێن و دەبنە هۆی تێکدانی ئاسایشی نیشتمانی.