ئەمڕۆ تەرمی شاعیری کورد رەفیق سابیر بەخاک دەسپێردرێت

ئەمڕۆ یەکشەممە، 26ـی نیسانی 2026، تەرمی د. رەفیق سابیر، نووسەر، شاعیر و لێکۆڵەر و ئەندامی پێشووتری پەرلەمانی کوردستان لەقەڵادزێ بەخاک دەسپێدریت.

دوای ململانێیەکی سەخت لەگەڵ نەخۆشی، رەفیق سابیر لە 28ـی شوباتی 2026، لە وڵاتی سوید کۆچی دوایی کرد، دواجار دوێنێ شەممە، لەسەر وەسیەتی خۆی تەرمەکەی گەڕێندرایەوە هەرێمی کوردستان و بڕیارە ئەمڕۆ لەزێدی خۆی بەخاک بسپێردرێت.

رەفیق سابیر بە هۆنراوە و نووسین و لێکۆڵینەوە زانستییەکانی خزمەتێکی گەورەی بوارەکانی ئەدەب و رۆشنبیری کوردی کردووە و خاوەنی بەناوبانگترین شیعرە (بە تەنیا جێی مەهێڵن) کە بۆ کیمیابارانی هەڵەبجەی نووسیوە.


ژیاننامەی دکتۆر رەفیق سابیر قادر


- لە ساڵی 1950 لە شارۆچکەی قەڵادزێ لە دایکبووە.
- لە ساڵی1970- 1974 لە زانکۆی بەغدا، کۆلێجی ئەدەبیات، بەشی زمان و ئەدەبی کوردی، خوێندوویەتی.
- لە هاوینی ساڵی 1972 تا ئەیلوولی 1978 وەک رۆژنامەنووس، لە رۆژنامەی بیری نوێ، لە بەغدا، کاری کردووە.
- لە ساڵی 1976 یەکەمین کۆمەڵەهۆنراوەی بەناوی (پشکۆکان دەگەشینەوە) لە بەغدا بڵاو بۆتەوە.
- لە سەرەتای ساڵی 1981 لە شاخ لەگەڵ کۆمەڵێک نووسەر یەکێتی نووسەرانی کوردستانیان دادەمەزراندووە، هەروا گۆڤاری (نووسەری کوردستان) یان دەرکردووە.
- لە هاوینی ساڵی 1982 دوای سەرهەڵدانەوەی شەڕی ناوخۆی نێوان لایەنە کوردییەکان، کوردستانی بەجێ هێشتووە و چۆتەوە بۆ بولگارستان. لەوێ لە ئەکادێمیای زانستە کۆمەڵایەتییەکان، بەشی فەلسەفە، درێژەی بە خوێندن داوە.
- لە هاوینی ساڵی 1987 بڕوانامەی دکتۆرای لە فەلسەفە وەرگرتووە. دکتۆرنامەکەی بە ناوی (رۆڵی کولتوور لە پێکهێنانی هۆشیاریی نەتەوەیی کورد) نووسیوە.
- لە ناوەڕاستی ساڵی 1989 وەک پەنابەر لە وڵاتی سوێد نیشتەجێ بووە.
- لە بەهاری ساڵی 1991تا سەرەتای ساڵی 2001  بەشداریکردووە لە دەرکردنی گۆڤاری ڕابوون لە سوید.
- لە ساڵی 2006 لە سلێمانی سەرۆکی مەڵبەندی کوردۆلۆجی بووە.
- لە ساڵی 2001 خەڵاتی ئەدەبیی (کلاس دی ڤیلدێ)ی سوێدی پێ بەخشرا.ئەو خەڵاتە ئەدەبییە دوو ساڵ جارێک بە نووسەرێکی بیانی دەدرێت، کە بەرهەمەکانی بە سوێدی بڵاو کرابنەوە.
- لە ساڵی 2007 خەڵاتی ئەدەبیی (بلە - ئیبراهیم ئەحمەد)ی لە سلێمانی پێ بەخشراوە.
- لە ساڵی 2009-2010 ئەندامی پەرلەمانی کوردستان بووە.


بەرهەمەکانی رەفیق سابیر


-پشکۆکان دەگەشینەوە، بەغداد 1976
-رێژنە، مهاباد 1979
-سووتان لەبەر باراندا، لەندەن 1985
-وەرزی سەهۆڵبەندان، لەندەن 1987
-لاوکی هەڵەبجە، بەیروت 1989
-کاروانسەرا، سوێد 1990
-وەرزەبەردینە، ئەڵمانیا 1992
-دیوانی رەفیق سابیر، بەرگی یەکەم، سوێد 1993
-ئاوێنە و سێبەر، سوێد 1996
- ژوانی رووناکی، سوێد 1997
-روونبوونەوە، سوێد 2001
-بە تەنیا جێی مەهێڵن.
-راز و گومان،
-دیوانی رەفیق سابیر بەرگی یەکەم و دووەم، پەخشخانەی غەزەلنووس.
- کۆی بەرهەمە شیعرییەکان، پەخشخانەی مانگ، بانە 2017
- ئەویننامە، پەخشخانەی مانگ، بانە 2017
زۆربەی کۆمەڵەهۆنراوەکانی چوار تا شەش جار چاپ کراونەوە.