ئێدەر میلیتاو هەنگاوێک لە مۆندیال دوور دەکەوێتەوە
نەهامەتیەکانی ئێدەر میلیتاو بەرگریکاری هەڵبژاردەی بەرازیل و یانەی ریاڵ مەدرید بەردەوامن. ئەو یاریزانە لە یاری یانەکەی بەرامبەر دیپۆرتیڤۆ ئالاڤێس لە گەڕی 33ـی خولی ئیسپانیا تووشی پێکان بوو، بەم هۆیەوە نەشتەرگەری بۆ دەکرێت و رەنگە بەشداری مۆندیالی 2026 نەکات.
رۆژنامەی وەرزشی مارکای ئیسپانی بڵاویکردەوە، ئێدەر میلیتاو لە یارییەکەی بەرامبەر ئالاڤێس لە ماسولکەکانی پشتەوەی رانی تووشی پێکان بووە، ئەگەر ئەو یاریزانە نەشتەرگەری بۆ ئەو پێکانەکەی نەکات، ئەوا لە ماوەی پێنج هەفتەی داهاتوو دەگەڕێتەوە، بەڵام ئەگەری سەرهەڵدانەوەی پێکانەکەی زۆرە.
سەرچاوەکە بڵاویشی کردەوە ئەگەر بێتو میلیتاو نەشتەرگەری بۆ ئەو پێکانەکەی بکات، ئەو کاتە ناتوانێت لەگەڵ هەڵبژاردەی بەڕازیل بەشداری مۆندیالی 2026 بکات، بەڵام ئەگەری دووبارە سەرهەڵدانەوەی ئەو پێکانەی لە ماوەی داهاتوو زۆر کەمە.
بەم شێوەیە ئەم وەرزە بە ئەگەرێکی زۆر بۆ ئێدەر میلیتاو کۆتایی هات و ئەو یاریزانە، بەشداری هیچ یارییەکی دیکەی یانەکەی ناکاتەوە. هەروەها هەوڵێک هەیە بۆ ئەوەی بەشداری مۆندیالی داهاتوو بکات.