هەولێر و بەغدا لەسەر وەرگرتنی گەنم نەگەیشتوونەتە رێککەوتن و داوایەک ئاراستەی سوودانی کراوە

هەولێر و بەغدا لەسەر پرسی گەنمی جووتیارانی هەرێمی کوردستان نەگەیشتوونە رێککەوتن و بە نووسراوی فەرمی داوا لە سوودانی کراوە، بابەتەکە بکاتە تەوەرێکی سەرەکیی کۆبوونەوەی داهاتووی ئەنجوومەنی وەزاریی ئابووریی عێراق.

ئەمڕۆ دووشەممە، 27ـی نیسانی 2026، د. زێدا محەممەد، بەڕێوەبەری گشتیی پلانادان و بەدواداچوون لە وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو بە ماڵپەری کوردستان24ـی راگەیاند، لەگەڵ وەزارەتی بازرگانیی عێراق لەسەر پرسی وەرگرتنی  گەنمی جووتیارانی هەرێمی کوردستان نەگەیشتوونەتە رێککەوتن. 

د. زێدا محەممەد، باسی لەوە کرد، لە چەند رۆژی رابردوودا، شاندێکی هاوبەشی وەزارەتەکانی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو، بازرگانی و پیشەسازی و پلاندانان لەسەر پرسی وەرگرتنی گەنمی جووتیارانی هەرێمی کوردستان سەردانی بەغدایان کرد و لەگەڵ وەزارەتی کشتوکاڵ کۆبوونەوە، بەڵام لەسەر بڕی وەرگرتنی گەنم نەگەیشتوونەتە رێککەوتن و گەڕاونەتەوە هەولێر.

وەزارەتی کشتوکاڵ پێشبینی کردووە بۆ وەرزی چاندنی 2025 بۆ 2026، بڕی گەنمی بەرهەمهاتوو لە هەرێمی کوردستان بگاتە زیاتر لە یەک ملیۆن و 500 هەزار تۆن.

ئەو بەرپرسەی وەزارەتی کشتوکاڵ گوتی، "بەرپرسانی هەردوو وەزارەتی کشتوکاڵ و بازرگانیی عێراق پێیان گوتین، دەتوانین ئەمساڵ تەنیا 292 هەزار تۆن گەنم لە جووتیارانی هەرێمی کوردستان وەربگرین؛ لە کاتێکدا پێشبینیمان دەکرد، نزیکەی یەک ملیۆن تۆنمان لێ وەربگرن، چونکە ئەمساڵ بارانێکی زۆر باش باریوە و پێشبینی دەکرێت، بەرهەمی گەنم لە ساڵانی رابردوو زیاتر بێت". 

ئەوەشی خستە روو "ساڵی رابردوو، کە لە رووی کشتوکاڵییەوە بە 'وشکەساڵی' هەژمار کرابوو، 400 هەزار تۆن گەنم لە جووتیارانی هەرێمی کوردستان وەرگیرا، بەڵام ئەمساڵ سەرەڕای ئەوەی بەرهەمی گەنم بەهۆی لەبارەی کەشوهەواوە، زیادی کردووە، حکوومەتی عێراق بڕیاری داوە تەنیا 292 هەزار تۆن وەربگرێت".  

د. زێدا محەممەد گوتی، "شاندەکە واژۆی لەسەر کۆنووسی کۆبوونەوەکە کە تایبەتە بە بڕی وەگرتنی گەنمی جووتیارانی هەرێمی کوردستان، نەکردووە و جووتیاران دڵنیا دەکەینەوە، هەموو هەوڵێکی خۆمان دەخەینە گەڕ تا بڕەکە بۆ زۆرترین ژمارە بەرز بکەینەوە، چونکە ئەوەی ئەوان دەیڵێن، ناهەقییەکی گەورەیە بەرانبەر بە جووتیاران و هیچ پاساوێک هەڵناگرێت". 

لەبارەی نرخی گەنمەکەش، ئەو بەرپرسە باسی لەوە کرد، "ئەمساڵ بۆ هەر تۆنێک گەنم 700 هەزار دینار دیاری کراوە، لە کاتێکدا ساڵی رابردوو، بۆ هەر تۆنێک 850 هەزار دینار بوو؛ ئەمەش زیانێکی دیکەیە بەر جووتیارانی عێراق و هەرێمی کوردستان دەکەوێت". 

بەڕێوەبەری گشتیی پلانادان و بەدواداچوون لە وەزارەتی کشتوکاڵ دووپاتی کردەوە، نووسراوێکی فەرمییان ئاراستەی محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق کردووە، تا پرسی گەنمی جووتیارانی هەرێمی کوردستان بکرێتە تەوەرێکی سەرەکیی کۆبوونەوەی داهاتووی ئەنجوومەنی وەزاریی ئابووریی عێراق. 

باسی لەوەش کرد، تا ئێستا سوودانی رەزامەندی لەسەر ئەو داواکارییە نەداوە، بەڵام لە هەوڵەکانیان چڕكردووەتەوە بۆ ئەوەی بەرپرسانی بەغدا بە بڕیارەکەیان بگۆڕن و رێژەی وەرگرتنی گەنمی جووتیارانی هەرێمی کوردستان زیاد بکەن.

حکوومەتی عێراق ساڵانە بە پاساوی گەیشتن بە ئاستی خۆبژێویی ناوخۆیی، پشکی هەرێمی کوردستان لە وەرگرتنی گەنم کەم دەکاتەوە و ئەمەش زیانێکی زۆر بە کەرتی کشتوکاڵی هەرێمی کوردستان دەگەیەنێت. 

جووتیارانی هەرێمی کوردستان ساڵانە توانای بەرهەمهێنانی زیاتر لە یەک ملیۆن و 500 هەزار تۆن گەنمیان هەیە، بەڵام بەغدا تەنیا بڕێکی دیاریکراویان لێ وەردەگرێت و ئەوەی دەمێنێتەوە جووتیاران ناچار دەبن لە بازاڕەکاندا بە نرخێکی کەمتر بیفرۆشن.

 ئەم کێشەیە هاوکاتە لەگەڵ دواکەوتنی بەردەوامی خەرجکردنی پارەی ئەو گەنمەی رادەستی سایلۆکان کراوە.