لە چەمچەماڵ دوو بەڵگەفیلم نمایش کرا

لەلایەن بەڕێوەبەرایەتی مۆنۆمێنتی ئەنفال، هەردوو بەڵگەفیلمی "تۆپزاوا" و "گەڕانەوە بۆ قەڵای مەرگ"، کە لە دەرهێنانی محەمەد سەیدە، لە مۆنۆمێنتی ئەنفال لە چەمچەماڵ نمایش کرا.

ئەمڕۆ دووشەممە، 27ی نیسانی 2026، محەمەد سەید دەرهێنەری ئەو دوو بەڵگەفیلمە بە کوردستان24ی گوت، "بەڵگەفیلمی "تۆپزاوە"، چیڕۆکی گوندی تۆپزاوە دەگێڕێتەوە، ئەو شوێنەی کە بۆ هەزاران کەس لە سەردەمی ئەنفال بووە دەستپێکی ئازار و نەهامەتی. فیلمەکە بە هۆی وتووێژ لەگەڵ شایەتحاڵان و رزگاربووان، پیشان دەدات کە چۆن خەڵک بە زۆر لە ماڵ و نیشتمان جیا کراونەتەوە و چوونە ناو تاریکی و نەزانینی چارەنووس. ناونیشانی "پرسگەیەک بەر لە دەروازەی جەهەننەم"، ئاماژەیە بۆ ئەو ساتانەی کە تۆپزاوە بۆ زۆربەیان دوا هیوای ژیان بوو پێش چوونە ناو مردن و لەناوچوون."

ئەو دەرهێنەرە باس لە بەڵگەفیلمی دووەم دەکات و دەڵێت، "بەڵگەفیلمی "گەڕانەوە بۆ قەڵای مەرگ"، باس لە گەڕانەوەی ژمارەیەک لە قوربانیان یان خێزانەکانیان بۆ ئەو شوێنانەی یادی ئازاریان تێدایە دەکات. فیلمەکە هەست و بیرەوەری ئەو کەسانە دەخاتەڕوو کە دوای ساڵانێکی زۆر دەگەڕێنەوە بۆ شوێنی زیندان، کوشتن و ترس. "قەڵای مەرگ"، وەک هێمایەک بۆ شوێنێک بەکاردێت کە مرۆڤایەتی تێدا شکێندراوە. بەڵگەفیلمەکە باس لە برینداربوونی رۆحی و بیرەوەرییەکان دەکات، لەگەڵ هیوای ئەوەی راستییەکان هەمیشە بمێننەوە.

هەردوو بەڵگەفیلمەکە هەوڵدەدەن بە شێوەیەکی هونەری و بەڵگەیی، تاوانی ئەنفال و ئازارەکانی قوربانیان بگەیەننە نەوەی ئێستا و داهاتوو.