بەهۆی هێرشەکانی ئێرانەوە 69 کەس لە بەحرەین رەگەزنامەیان لێ سەندرایەوە

حکوومەتی بەحرەین بڕیاری دا رەگەزنامە لە 69 کەس بسێنێتەوە، ئەمەش بەهۆی ئەوەی تۆمەتبار کراون بە ستایشکردنی کردەوە دوژمنکارییەکانی ئێران و دەربڕینی هاوسۆزی بۆ ئەو هێرشانەی تاران لە ماوەی رابردوودا کردبوویە سەر خاکی ئەو وڵاتە.

دووشەممە 27ـی نیسانی 2026، وەزارەتی ناوخۆی بەحرەین لە بەیاننامەیەکدا رایگەیاند: "بڕیار درا بە سەندنەوەی رەگەزنامەی بەحرەینی لەو کەسانەی کە هاوسۆزییان بۆ کردەوە دوژمنکارییەکانی ئێران دەربڕیوە یان کاری سیخوڕییان بۆ لایەنی دەرەکی کردووە." وەزارەتەکە ئاماژەی بەوەش کردووە، ژمارەی ئەو کەسانەی رەگەزنامەیان لێ سەندراوەتەوە، بە خێزانەکانیشیانەوە، گەیشتووەتە 69 کەس و هەمووشیان بە رەچەڵەک بەحرەینی نین.

وەزارەتەکە روونیکردووەتەوە، ئەم هەنگاوە بە رێنمایی پاشایەتی و بەپێی یاسای رەگەزنامەی بەحرەین نراوە کە رێگە دەدات رەگەزنامە لەو کەسانە بسێنرێتەوە کە زیان بە بەرژەوەندییەکانی شانشینەکە دەگەیەنن یان کارێکی پێچەوانەی وەفاداری بۆ نیشتمان ئەنجام دەدەن.

ئەم بڕیارە دوای ئەوە دێت، ئێران لە میانی ئەو جەنگەی لە 28ـی شوباتی ئەمساڵدا هەڵگیرسا، سەدان مووشەک و درۆنی ئاڕاستەی وڵاتانی کەنداو کرد، کە تیایدا فڕۆکەخانە، دامەزراوە نەوتییەکان و ناوچە نیشتەجێبوونەکانی بەحرەینی کردبووە ئامانج.

 تاران ئەو هێرشانەی وەک وەڵامێک بۆ گورزە سەربازییەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل ناوبردبوو، لە ئێستاشدا لە 8ـی نیسانەوە ئاگربەستێکی کاتی لە ناوچەکەدا راگەیەندراوە.

پەیمانگای بەحرەین بۆ مافەکان و دیموکراسی (BIRD) کاردانەوەی بەرانبەر ئەم بڕیارە هەبوو و رایگەیاند، ئەمە یەکەم سەندنەوەی بەکۆمەڵی رەگەزنامەیە لە دوای ساڵی 2019ـەوە، سەید ئەحمەد ئەلوەداعی، بەڕێوەبەری پەیمانگاکە، هۆشداری دا لەوەی ئەم هەنگاوە دەستپێکی سەردەمێکی مەترسیداری سەرکوتکارییە و بە پێشێلکارییەکی رەهای یاسا نێودەوڵەتییەکانی دانا، چونکە ئەو کەسانە دەکاتە کەسی "بێ ڕەگەزنامە."

بەحرەین تەنیا وڵات نییە کە ئەم رێکارانەی گرتووەتە بەر، لە کاتی جەنگەکەدا وڵاتانی کوەیت، قەتەر و ئیماراتیش چەندین کەسیان بە تۆمەتی بڵاوکردنەوەی هەواڵی ناڕاست و ستایشکردنی هێرشەکانی ئێران دەستگیر کردووە.