ناتانیاهۆ: رێککەوتن لەگەڵ لوبنان هاوکارە بۆ بەرگاربوونەوەی هەڕەشەکان
بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل رایگەیاند، ئەو رێککەوتنەی لەگەڵ لوبنان واژۆ کراوە، رێگری لە ئیسرائیل ناکات و رێگەیان پێ دەدات بۆ بەرەنگاربوونەوەی هەر هەڕەشەیەک بجوڵێنەوە.
دووشەممە 27ـی نیسانی 2026، بنیامین ناتانیاهۆ سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل رایگەیاند: "ناوچەیەکی ئەمنیمان دروست کردووە کە رێگری لە هەر ئەگەرێکی هێرش و داگیرکاری لە لوبنانەوە بۆ سەر باکووری ئیسرائیل دەکات، هەروەها بەردەوامین لە هێرشەکانمان لەناو ئەو ناوچەیە و تەنانەت باکووری رووباری لیتانیش."
سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل جەختی کردەوە، کارەکانیان لە لوبنان کۆتایی نەهاتووە، چونکە هێشتا مووشەک و درۆنەکانی حزبوڵڵا وەک هەڕەشە ماونەتەوە، ئاشکرایشی کرد، حزبوڵڵا لە ئێستادا تەنیا 10%ـی ئەو مووشەکانەی ماوە کە لە سەرەتای شەڕەکەدا هەیبوو، هاوکات چارەسەرکردنی پرسی مووشەکەکانیش هاوکار دەبێت لە پرۆسەی داماڵینی چەک.
لە بەرانبەردا، نەعیم قاسم، ئەمینداری گشتیی حزبوڵڵای لوبنان، لە گوتارێکی تەلەفزیۆنیدا جەختی کردەوە، هەر جۆرە دانوستانێکی راستەوخۆ لەگەڵ ئیسرائیل رەت دەکەنەوە.
نەعیم قاسم گوتی: " بەرگری بەردەوام و بەهێزە و دەستبەرداری چەک نابین، چونکە ئەم چەکە بۆ بەرگری و بەرپەرچدانەوەی دەستدرێژییەکانە"، هەروەها داوای لە دەسەڵاتدارانی لوبنان کرد دانوستانی راستەوخۆ رابگرن و بگەڕێنەوە سەر رێڕەوی دانوستانی ناڕاستەوخۆ.
ئەم پەرەسەندنانە دوای ئەوە دێت، شەممە 25ـی نیسانی 2026، نووسینگەی بنیامین ناتانیاهۆ سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل لە بەیاننامەیەکدا رایگەیاند: "ناتانیاهۆ فەرمانی بە سوپای ئیسرائیل کردووە بە هێرشەکانیان بۆ سەر حزبوڵڵای لوبنان چڕ بکەنەوە و بە توندی ئامانجەکانیان بپێکن.
ئەم بڕیارەی ناتانیاهۆ دوای ئەوە دێت، دەستەی پەخشی ئیسرائیل بڵاویکردەوە، حزبوڵڵای لوبنانی بە موشەک و درۆن هێرشی کردووەتە سەر چەند پێگەیەکی ئیسرائیل، لە بەرانبەریشدا سوپای ئیسرائیل زنجیرەیەک هێرشی بۆ سەر باشووری لوبنان دەستپێکردووە.
هاوکات لەگەڵ ئەم گرژییانەدا، ئیسرائیل بۆردومانەکانی چڕ کردووەتەوە بە بۆردومانکردنی ناوچەی "یەحمەر ئەلشەفیق" لە قەزای نەبەتیە، بە هۆیەوە 4 هاووڵاتی لوبنانی کوژراون.
سوپای ئیسرائیل سەرەڕای باسکران لە درێژکردنەوەی ئاگربەست، بەردەوامە لە رووخاندنی باڵەخانەکان لە چەند گوندێکی سنووری و هۆشداریشی داوەتە ئاوارەکان کە نەگەڕێنەوە بۆ گوندەکانی باشوور و سێ دۆڵی دەوروبەری ئەو ناوچانە.