هاوسەر ئیدریس: دەمەوێت ببمە بەشێک لەو بەرهەمە شانۆییانەی کە هەڵگری پەیامێکی بەهێزن

ئەمڕۆ سێشەممە، 28ی نیسانی 2026، هاوسەر ئیدریس، خانمە ئەکتەر و شانۆکار، لەم چاوپێکەوتنە تایبەتەیدا تیشک دەخاتە سەر ئەزموونی کارە هونەرییەکانی و باس لە نوێترین پڕۆژەی هونەری خۆی دەکات.

هاوسەر ئیدریس دەڵێت، "شانۆی کوردی تەنیا پێشکەشکردنی نمایش نییە، بەڵکو پانتاییەکە بۆ پاراستنی ناسنامە و زمان، و گەیاندنی ئازار و پرسەکانی گەلی کورد بە جیهان."

هاوسەر ئیدریس، خانمە ئەکتەر و شانۆکار، دەربارەی ئەزموونی خۆی لەکاری هونەریدا بە کوردستان24ی گوت، "من یەکێکم لەم خانمە گەنجانەی کە بە هەستێکی بەرز و خولیایەکی راستەقینەوە، رێگەی شانۆی کوردیم گرتووەتە بەر. پەیوەندی من لەگەڵ هونەری شانۆدا لە قۆناخی ناوەندی دەستی پێکرد، کاتێک یەکەم هەنگاوی خۆم لەسەر تەختەی شانۆ نا بە هاوکاری مامۆستا سەلام زەنگەنە. ئەگەرچی دوای ئەوە بۆ ماوەی نۆ ساڵ بە هۆکارە جیاوازەکانەوە دوور کەوتمەوە، بەڵام خەونەکەم نەکوژایەوە.

هاوسەر ئیدریس گوتیشی، "لە ساڵی 2023، بە پشتگیری هاوسەرەکەم، دووبارە گەڕامەوە بۆ بواری شانۆ و بەشداریم کرد لە شانۆگەری "مرۆڤم بینی بە بێ جل و جلم بینی بە بێ مرۆڤ" کە لە دەرهێنانی گۆران عدنان بوو. ئەم ئەزموونە بۆمن بوو بە دەسپێکێکی نوێ و دامەزراندنی ناسنامەیەکی نوێ وەکو ئەکتەر. لە هەمان ساڵدا، لە شانۆی سەرشەقام "هەزەی نیشتیمانی" لە دەرهێنانی عیماد مەهدی بەشداریم کرد، ئەزموونێک بوو کە مرۆڤ نزیکتر دەکاتەوە لە بینەر و هونەرمەند فێری کارلێکی راستەوخۆ دەکات. هەروەها لە ساڵی 2024دا، من ئەزموونێکی دیکەم وەرگرت کە وەکو یاریدەدەری دەرهێنەر لە شانۆگەری "هەموو دزەکان یەک نین"، کە لەوێوە فێری وردەکارییەکانی بەرهەمهێنانی شانۆ بووم."

ئەو خانمە شانۆکارە باس لە پەیامی شانۆی کوردی دەکات و دەڵێت، "پەیامی شانۆی کوردی لە دیدی من ئەوەیە کە شانۆی کوردی تەنیا پێشکەشکردنی نمایش نییە، بەڵکو پانتاییەکە بۆ پاراستنی ناسنامە و زمان، و گەیاندنی ئازار و پرسەکانی گەلی کورد بە جیهان. بەبۆچوونی من شانۆ دەبێت دەنگی ئازادی بێت و بێدەنگی بشکێنێت."

هاوسەر ئیدریس ئاماژەی بەوەش دا، "لەبارەی کەمبوونەوەی بینەری شانۆ، من پێموایە چارەسەرەکە لە پێشکەشکردنی کارێکدایە کە پەیوەندی بە ژیانی رۆژانەی خەڵکەوە هەبێت، ئەویش لەرێگەی بەکارهێنانی سۆشیال میدیا، شانۆی سەرشەقام، و پشتگیری لە بەهرەی گەنجان. هەروەها بینەری ئەمڕۆ بەدوای کارێکی راستەقینە و سادەدا دەگەڕێت."

ئەو خانمە شانۆکارە باس لە خەون و هیوای داهاتووی خۆی دەکات و دەڵێت، "وەک خانمە ئەکتەرێکی شانۆکار هیوادارم ببمە بەشێک لەو  بەرهەمە شانۆییانەی کە پەیامێکی بەهێز هەڵدەگرن، و هەروەها بەشداری لە دروستکردنی شانۆنامەیەک بکەم کە ناسنامەی کورد بە ئەکتەرانی هەر چوار پارچەی کوردستان لەم بەرهەمەدا پێشان بدەم."

لەکۆتایی قسەکانیدا، هاوسەر ئیدریس، باس لە پڕۆژەی نوێی هونەری خۆی دەکات و دەڵێت، "لەئێستادا وەکو ئەکتەری سەرەکی بەشدارم لە شانۆگەری "لە پشتی دەرگا داخراوەکانەوە" کە لە دەرهێنانی شانۆکار و دەرهێنەر نەژاد نەجمە، هەروەها ئەم بەرهەمەش بە خاڵێکی وەرچەرخان لە ژیانی هونەری خۆم دەزانم."

هاوسەر ئیدریس، خانمە ئەکتەر و شانۆکار، خەڵکی شاری کەرکووکە. خاوەنی بڕوانامەی پیشەسازییە کیمیاییەکانە. لە ماوەیەکی کورت دا توانیویەتی ئارشیفێکی باش لە بەرهەمە هونەرییەکان بۆخۆی دروست بکات. هەروەها خاوەنی دوو خەڵاتی شانۆیە.