سەرچاوەیەک بۆ کوردستان24: هەفتەی داهاتوو مووچەی مانگی چوار خەرج دەكرێت

ئەمڕۆ سێشەممە، 28ـی نیسانی 2026، سەرچاوەیەک رایگەیاند، هەفتەی داهاتوو بەغدا مووچەی مانگی چواری فەرمانبەران دەنێرێت.

سەرچاوەیەکی باڵا بە کوردستان24ـی راگەیاند، ئێستا هەردوو حکوومەتی هەرێم و حکوومەتی فیدراڵی گفتوگۆ لەبارەی داهاتی نانەوتی دەکەن و تا رادەیەک گەیشتوونەتە لێکگەیشتن کە حکوومەتی هەرێمی کوردستان 80 بۆ 90 ملیار دینار وەک داهاتی نانەوتی بۆ بەغدا بنێرێت.

گوتیشی: بەهۆی جەنگی ئەمریکا و ئیسڕائیل دژی ئێران کێشەی داهات هەبوو و داهات کەمی کردبوو، ئێستاش داهات نەگەیشتوەتەوە پێش جەنگ، بۆیە ئەم مانگەش 120 ملیار نانێردرێ، بەڵکو ئەو رێژەیەی کە باسم کرد ئەوە بڕە دەنێردرێت.

 ئاماژەی بەوەشکرد، ئەمڕۆ یان سبەی برێک لە داهاتی نانەوتی بۆ بەغدا دەنێردرێت و رەنگە تا پێنج شەممە بڕیار لەسەر ناردنی مووچە بدرێت و هەفتەی داهاتووش مووچە دەنێردرێت.

ئەو سەرچاوەیە گوتیشی: بۆ مانگی چوار هیچ کێشەیەک لە ناردنی مووچە نیە.