شانۆگەریی "ئاسفالت" بۆ رۆحی قوربانییەکانی رووداوەکەی کەرکووک نمایش دەکرێت

گرووپی شانۆی هەوار، بە شانۆگەری "ئاسفالت"، بۆ رۆحی قوربانییەکانی رووداوەکە، لە کەرکووک، لەشوێنی رووداوەکە،  لەبەردەم دەرگای سەنتەری رۆشنبیری نمایش دەکات.

ئەمڕۆ سێشەممە، 28ی نیسانی 2026، نەژاد نەجم، دەرهێنەری ئەو شانۆگەرییە بە کوردستان24ی گوت، "ئێمە وەکو گرووپی شانۆی هەوار، کە هەمیشە لەلایەنی  هونەرییەوە لەگەڵ ژیانی راستەقینەی خەڵکدا هاوبەشین،  واتە ئەم نمایشە تەنیا پێشکەشکردنی شانۆگەری نییە، بەڵکو هاودەردی لەگەڵ ناخۆشی و خۆشییەکانی کۆمەڵگەشە."

نەژاد نەجم گوتیشی، "پێشکەشکردنی شانۆیەکی نوێ بە ناوی "ئاسفالت"، کە ئەم کارە هونەرییە بە تایبەتی تەرخان کراوە بۆ رۆحی قوربانیانی کارەساتە دڵتەزێنەکەی کەرکووک. واتە ئەم پێشکەشکردنە تەنیا بۆ چێژ نییە، بەڵکو بۆ یادکردنەوە و رێزگرتنە لە گیانی لەدەستدراوان."

ئەو دەرهێنەرە باس لە پەیامە گرنگەکەی ئەو نمایشە دەکات و گوتی، "پەیامە گرنگەکەی ئەو نمایشە ئەوەیە کە ئێمە بانگهێشتی خەڵک دەکەین بۆ بەشداریکردن بە شێوەیەکی سومبولی وەکو، هێنانی مۆم بۆ رووناکی و یادکردنەوە، دانانی گوڵ بۆ رێز و ئارامبوونی گیان، هەروەها شوێنی رووداوەکەش هەڵبژێردراوە بۆ ئەوەی یادکردنەوەکە نزیک کارەساتەکە بێت، واتە هونەر لە شوێنی ژیان و ئازارەوە دەدوێت، نەک تەنیا لە هۆڵی شانۆییەکاندا."

لە شاری کەرکووک، کارەساتێکی گەورەی رووداوی هاتوچۆ روویدا، کە لە ئەنجامدا ژمارەیەک هاووڵاتی گیانیان لەدەستدا و چەندین کەسی تر بریندار بوون. بۆیە ئەم کارەساتە کاریگەرییەکی گەورەی لەسەر خەڵک و شار دروست کردووە، و بەهۆی ئەمەوە شانۆگەری "ئاسفالت" ،کە بڕیارە ئەمڕۆ سێشەممە، 28ی نیسانی 2026 لە کەرکووک بەڕێوەبچێت.