نووسەر و رووناکبیری کورد فاروق رەفیق کۆچی دوایی کرد
فاروق رەفیق نووسەر و رووناکبیری ناسراوی کورد ئەمڕۆ 28ی نیسانی 2026، لە ماڵەکەی لە هەولێر کۆچی دوایی کرد.
فارووق رەفیق ناوی تەواوی فارووق رەفیق حەمە کەریمە، بیرمەند و توێژەرێکی دیاری بواری فەلسەفە و هزری سیاسی لە ساڵی 1961 شاری سلێمانی لەدایکبووە.
بەشێکی ژیانی لە تاراوگە و لە وڵاتی کەنەدا بەڕێکردووە، لەوێش سەرنجی ژیان و کارکردنی لەسەر فەلسەفە بووە و خاوەنی زیاتر لە 20 کتێبە لەبواری فەلسەفە و هزر ، بە نووسین و وەرگێڕان.
هەروەها ئەندامی دامەزرێنەر و دەستەی نووسەرانی گۆڤاری فکریی "ڕەهەند" بوو، سەرنووسەری ژۆرناڵی مەعریفی تیۆریی هزریی "ئاوەز" لە شاری هەولێر بوو، کە تاوەکو کاتی کۆچی دوایی ئەو، 6 ژمارەی لێ دەرچووە.
کتێبێکی دیکەی فاروق ڕەفیق بە ناونیشانی "فەلسەفەی زانست" لە قۆناغی ئامادەکردن بۆ چاپ-دا بوو و هاوکات کتێبێکی دیکەی ئەو نووسەرە لەژێر ناوی "هونەری ڕاڤەکردن" لە قۆناغی نووسین و ئامادەکردن بۆ چاپدا بوو.
خاوەنی بڕوانامەی دکتۆرایە لە فەلسەفەدا کە لە یەکێک لە زانکۆکانی کەنەدا بەدەستی هێناوە، ئەو بۆ ماوەیەک لە کەنەدا ژیاوە و دواتر گەڕاوەتەوە هەرێمی کوردستان.
زیاتر وەک توێژەرێکی بواری فەلسەفەی مۆدێرن، لیبڕالیزم و چەمکە سیاسییەکان ناسراو بووە، هەروەها کاری میدیایی کردووە و سەرنووسەری گۆڤاری (ئاوەز) بووە، کە گۆڤارێکی تایبەتە بە فەلسەفە و زانست.
گرنگترین بەرهەمە چاپکراوەکانی:
ئاشتکردنەوەی عەقڵ و عیشق: تایبەت بە پەروەردەی لیبڕاڵ و ئاکاری مەدەنی.
هونەری فەلسەفە: وانەیەکی مێتافیزیکیانە.
پاکس ئەمەریکانا: (سەردەمی هەیمەنەی ئەمەریکی).
هونەری عیشق: (2010).
وێستگەیەک لە گەشتێکی فەلسەفی: (2011).