یەکەمین کارگەی شەکر لەسەر ئاستی عێراق و کوردستان؛ لە دهۆک دروست دەکرێت

بەڕێوەبەری گشتیی وەبەرهێنان لە پارێزگای دهۆک رایدەگەیەنێت، کارگەیەکی گەورەی بەرهەمهێنانی شەکر لە سنووری پارێزگاکە دروست دەکرێت و دەبێتە هۆی رەخساندنی سەدان دەرفەتی کار بۆ گەنجان و جووتیاران و دابینکردنی پێداویستیی ناوخۆیی.

ئەمڕۆ چوارشەممە، 29ـی نیسانی 2026، د. هەڤاڵ سدیق، بەڕێوەبەری گشتیی وەبەرهێنان لە پارێزگای دهۆک بە ماڵپەری کوردستان24ـی راگەیاند، کارگەیەکی گەورەی بەرهەمهێنانی شەکر بە سەرمایەی 110 ملیۆن دۆلار؛ لە ناحیەی قەسرۆکی سەر بە قەزای شێخان دروست دەکرێت.

د. هەڤاڵ سدیق ئاماژەی بەوە دا، پرۆژەکە پەسەند کراوە و لە قۆناغی دابینکردنی زەویدایە، دواتر رێکارەکانی پێدانی مۆڵەتی وەبەرهێنان دەست پێدەکات.

بەڕێوەبەری گشتیی وەبەرهێنان روونیشی کردەوە، ئەم کارگەیە لەسەر ئاستی عێراق و هەرێمی کوردستان بێوێنەیە و بۆ دابینکردنی ماددەی خاو پشت بە چاندنی چەوەندەر و قامیشی شەکر دەبەستێت، ئەمەش جووتیاران هان دەدات بەروبوومەکانیان بچێنن و کارگەکە لێیان دەکڕێتەوە، هەموو دەشتەکانیش بۆ ئەم جۆرە کشتوکاڵە گونجاون.

د. هەڤاڵ سدیق جەختی لەوەش کردەوە، پرۆژەکە بۆ پاراستنی ئاسایشی خۆراک زۆر گرنگە و شەکری 100% سروشتی بەرهەم دەهێنێت لە جیاتی شەکری هاوردەکراو و دەستکرد. 

بە گوتەی بەڕێوەبەری گشتیی وەبەرهێنانی پارێزگای دهۆک، پرۆژەکە لە نێوان 300 بۆ 400 دەرفەتی کاری راستەوخۆ دەڕەخسێنێت و بە شێوەی ناڕاستەوخۆش هەزاران جووتیار و کرێکار سوودمەند دەبن، بەرهەمەکەشی جگە لە پارێزگای دهۆک و هەرێمی کوردستان؛ هەناردەی پارێزگاکانی عێراق و وڵاتانی ناوچەکەش دەکرێت.

کەرتی پیشەسازی و کشتوکاڵ لە هەرێمی کوردستان لە چەند ساڵی رابردوودا گەشەیەکی بەرچاوی بەخۆیەوە بینیوە. حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە چوارچێوەی هەوڵەکانیدا بۆ هەمەجۆرکردنی سەرچاوەکانی داهات و کەمکردنەوەی پشتبەستن بە هاوردەکردنی کاڵا و خۆراک لە دەرەوە، پشتگیریی وەبەرهێنەرانی ناوخۆیی و بیانی دەکات بۆ دروستکردنی کارگەی گەورە و ستراتیژی. پ

پرۆژەی دروستکردنی کارگەی شەکر لە قەسرۆکی سەر بە پارێزگای دهۆک، یەکێکە لەو هەنگاوە گرنگانەی ئامانج لێی دابینکردنی ئاسایشی خۆراک و بەکارخستنی بەرهەمی جووتیارانە. ئەم جۆرە پرۆژانە نەک تەنیا پێداویستیی ناوخۆ پڕ دەکەنەوە، بەڵکوو دەبنە هۆی بەهێزکردنی ژێرخانی ئابووری و سەربەخۆیی خۆراکی لە عێراق و هەرێمی کوردستان.