هەر یاریزانێک ئەم کارە بکات بە توندی سزا دەدرێت

ڤینیسیۆس جونیۆر
ڤینیسیۆس جونیۆر

هەر یاریزانێک لە مۆندیالی 2026 لە کاتی دەمەقاڵی، دەمی خۆی داپۆشێت و قسە بکات، رووبەڕووی سزایەکی قورس دەبێتەوە و هەر لە یارییەکە بە کارتی سوور دەردەکرێت.

زۆرجار دەبینین لە ناو لاکێشەی سەوز کاتێک دەمەقاڵێ لە نێوان دوو یاریزان دروست دەبێت، یەکێکیان دەمی دادەپۆشێت یاخود ناهێڵێت کەس ببینێت چی دەڵێت، زۆرجار ئەم هەڵس و کەوتە بووەتە هۆی ئەوەی کە دروشمی رەگەز پەرەستی بەکاربهێندرێت و دروشمەکانیش شاراوە بن، بۆیە فیفا بڕیاریداوە زۆر بە توندی ئەو یاریزانانە سزا بدات کەو ئەو کارە دەکەن.

رۆژنامەی ئاتلێتیک بڵاویکردەوە، بە گوێرەی یاسا نوێیەکانی فیفا کە پەسەند کراون، یاریزانانەکان لە مۆندیالی داهاتوو، ئەگەر لە کاتی ڕووبەڕووبوونەوەکانی ناو یاریگادا لە کاتی قسەکردن لەگەڵ یاریزانانی تیپی بەرامبەر دەمیان دابپۆشن، ڕووبەڕووی مەترسی وەرگرتنی کارتی سوور دەبنەوە.

ئەم بڕیارە لە کۆبوونەوەی ڕۆژی سێشەممەی ئەنجومەنی فیفا لە ڤانکۆڤەر پەسەند کرا، لەگەڵ هەموارێکی تری یاساکان کە ڕێگە بە ناوبژیوانان دەدات ئەو یاریزانانە دەربکەن کە وەک ناڕەزایەتی بەرامبەر بڕیارەکان یاریگا جێدەهێڵن. ئەم دوو گۆڕانکارییە لەلایەن ئەنجومەنی نێودەوڵەتیی تۆپی پێ (Ifab) وەک یاسای ئارەزوومەندانەی پاڵەوانێتییەکە ڕێگەیان پێدراوە و لە جامی جیهانیدا جێبەجێ دەکرێن.

ئەم بڕیارە دوای ئەوە هات کە جیانلوکا پرێستیانی یاریزانی ئەرجەنتینی یانەی بێنفیکا، لە کاتی دەمەقاڵێ لەگەڵ ڤینیسیۆس جۆنیۆر یاریزانی یانەی ڕیاڵ مەدرید لە یارییەکانی پاشکۆی چامپیۆنزلیگدا دەمی خۆی داپۆشیبوو. دواتر پرێستیانی لەلایەن یوفاوە لێکۆڵینەوەی لەگەڵدا کرا و بەهۆی ڕەفتاری ڕەگەزپەرستییەوە بۆ شەش یاری سزادرا.