یانەی هەولێر نرخی بلیتی یارییەکانی یانەکەی هەرزان کرد

یانەی هەولێر نرخی بلیتی ئاسایی یارییەکانی یانەکەی، لە سێ هەزار دینارەوە بۆ هەزار دینار کەمدەکاتەوە. ئەویش لە پێناو ئاسانکاری کردن بۆ هاندەرەکانی یانەکەی، بۆ ئەوەی لە یارییەکانی یانەکەیان ئامادەبن.

یانەی هەولێر لە پێناو ئاسانکاری کردن بۆ هاندەرەکانی یانەکەی، بڕیاریدا نرخی بلیتی ئاسایی یانەکەی لە سێ هەزار دینارەوە کەم بکاتەوە بۆ هەزار دینار، واتە لەمەودوا هەر هاندەرێکی یانەی هەولێر، بیەوێت لە یاریگای شەهید فەڕەنسۆ هەریری سەیری یارییەکانی ئەو یانەیە، لە خولی ئەستێرەکانی عێراق بدات، پێویستی بە تەنها هەزار دینار هەیە.

یانەی هەولێر ئەم وەرزە لە دۆخێکی باشدایە و کێبڕکێی لەسەر بەدەستهێنانی ناسناوی خولی ئەستێرەکانی عێراق دەکات، بۆیە کارگێڕی یانەکە لە پێناو ئەوەی بتوانن رێژەیەکی زیاتر لە هاندەرەکانیان لە یاریگا ئامادەبن، بڕیاریانداوە نرخی بلێتەکان بە شێوەیەکی بەرچاو کەم بکەنەوە.

هەولێر رۆژی شەممەی داهاتوو کاتژمێر پێنجی ئێوارە، لە یاریگای شەهید فەڕەنسۆ هەریری و لە گەڕی 32ـی خولی ئەستێرەکانی عێراق میوانداری یانەی کەرخ دەکات. یانەکەی قەڵا و منارە بەر لەم یارییە بە کۆکردنەوەی 63 خاڵ و بە جیاوازی تەنها یەک خاڵ لەگەڵ شورتەی دووەم و هەروەها بە جیاوازی هەشت خاڵ لەگەڵ قوەجەویەی پێشەنگی خولەکە، لە پلەی سێیەمی ریزبەندی خولی ئەستێرەکانی عێراق دێت.