ئەیال زامیر: ئاگربەست نییە و جەنگ بەردەوامە

ئەیال زامیر، سەرۆک ئەرکانی سوپای ئیسرائیل رایگەیاند، جەنگ لە بەرەی باشووری لوبنان بەردەوامە و هیچ ئاگربەستێک لە ئارادا نییە، جەختیشی کردەوە، هێزەکانیان لەو ناوچەیە ناکشێنەوە تا ئەو کاتەی ئاسایشی نیشتەجێبووەکانی باکووری ئیسرائیل بۆ ماوەیەکی درێژخایەن مسۆگەر دەکرێت.

چوارشەممە 29ـی نیسانی 2026، ئەیال زامیر، سەرۆک ئەرکانی سوپای ئیسرائیل باشووری لوبنان بە سەربازانی وڵاتەکەی راگەیاند: "پێویستە بەردەوام بن لە شەڕکردن بۆ لەناوبردنی هەڕەشە راستەوخۆ و ناڕاستەوخۆکان، هیچ ئاگربەستێک لە بەرەکانی جەنگدا نییە و ئەرکی ئێمە رێگریکردنە لە تەقەکردنی راستەوخۆ بۆ سەر هاووڵاتیانمان."

لەلایەکی دیکەوە، جۆزێف عۆن، سەرۆک لوبنان، رایگەیاند، ئیسرائیل دەبێت تێبگات تەنیا رێگە بۆ بەدیهێنانی ئاسایش دانوستانە، بەڵام پێش ئەوە دەبێت ئیسرائیل ئاگربەستێکی تەواوەتی جێبەجێ بکات.

 عۆن گوتیشی: "ئەگەر ئیسرائیل وا بزانێت لەرێگەی پێشێلکاری و وێرانکردنی گوندە سنوورییەکانەوە ئاسایشی دەستدەکەوێت، ئەوا هەڵەیە، چونکە پێشتریش تاقیکردەوە و هیچ ئەنجامێکی نەبوو."

سەرۆکی لوبنان ئاماژەی بەوەش کرد، بەیرووت چاوەڕێی دیاریکردنی وادەیەک لەلایەن ئەمریکاوە دەکات بۆ دەستپێکردنی دانوستانەکان و گوتی: "دۆسیەی لوبنان ئێستا لەسەر مێزی دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکایە و ئەمەش دەرفەتێکە دەبێت سوودی لێ وەربگیرێت بۆ گەیشتن بە کەناری ئارامی."

ئەم ئاڵۆزییانە لە کاتێکدایە، پێشتر دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا، لە 16ـی نیسان رایگەیاندبوو، رێککەوتن بۆ ئاگربەست لە نێوان لوبنان و ئیسرائیل بۆ ماوەی 10 رۆژ کراوە، دواتر لە 25ـی نیساندا ئاگربەستەکە بۆ سێ هەفتەی دیکە درێژکرایەوە، بەڵام سەرەڕای ئەوەش شەڕ و پێکدادان لە باشووری لوبنان بەردەوامە.

بەگوێرەی دوایین ئاماری وەزارەتی تەندروستی لوبنان، تەنیا لە 24 کاتژمێری رابردوودا 42 کەس بەهۆی هێرشەکانی ئیسرائیلەوە کوژراون، بەوەش کۆی ژمارەی قوربانیان لە 2ـی ئاداری رابردووەوە تاوەکوو ئێستا گەیشتووەتە 2576 کوژراو و 7962 بریندار.