هونەرمەندێکی کورد بەشداری لە پێشانگەیەکی نێودەوڵەتی کاریکاتێر دەکات لە سعوودیە

گرفتار کاکەیی، هونەرمەندی کاریکاتێرستی کورد، بەشداری پێشانگەی نێودەوڵەتی کاریکاتێری هۆشیاری ژینگەیی لە وڵاتی سعوودیە دەکات.

ئەمڕۆ پێنجشەممە، 30ی نیسانی 2026، گرفتار کاکەیی، هونەرمەندی کاریکاتێرستی کورد، دەربارەی بەشداریکردنی لەم پێشانگە نێودەوڵەتییە بە کوردستان24ی گوت، "زۆر خۆشحاڵم وەک هونەرمەندێکی کورد، کە ناوم لە لیستی بەشداربووانی پێشانگەی نێودەوڵەتی کاریکاتێری هۆشیاری ژینگەیی تۆمار کراوە. ئەم پێشانگەیە کۆبوونەوەی ژمارەیەک هونەرمەند و کاریکاتێرکێشی جیهانییە لە وڵاتانی جیاواز، کە بەرهەمەکانیان بۆ زیادکردنی هۆشیاری خەڵک سەبارەت بە پاراستنی ژینگە و سروشت پێشکەش دەکەن."

گرفتار کاکەیی گوتیشی، "ئامادەبوونی من لەنێو ئەم لیستەدا، واتا هونەری کاریکاتێری کوردی توانیویەتی بگاتە ئاستی نێودەوڵەتیی و لە پاڵ هونەرمەندانی جیهاندا نوێنەرایەتی بکات. ئەمەش سەرکەوتنێکی گرنگە بۆ من و هەروەها شانازییە بۆ کوردستان و هونەری کوردی، چونکە دەنگی هونەرمەندی کورد لە دەرەوەی سنوورەکانیش گوێ لێ دەگیرێت، و کاریکاتێر وەک زمانێکی جیهانی دەتوانرێت پەیامی ژینگەپارێزی و هۆشیاری بگەیەنێت."

ئەو هونەرمەندە باس لە گرنگی بەشداریکردنی لەم پێشانگەیە دەکات و دەڵێت، "لەم پێشانگەیەدا، هونەرمەندان و کاریکاتێرکێشانی زۆرێک لە وڵاتانی جیهان بەشداری دەکەن و بەرهەمەکانیان پێشکەش دەکەن. هەر وێنەیەک بە شێوەی کاریکاتێر پەیامێکی کۆمەڵایەتی یان ژینگەیی هەڵدەگرێت وەکو، پیسبوونی هەوا و ئاو، وێرانکردنی دارستانەکان، گۆڕانی کەشوهەوا، کەمبوونەوەی سەرچاوە سروشتییەکان، پاراستنی ئاژەڵ و گیانداران، پاک و سەوز راگرتنی ژینگە."

گرفتار کاکەیی ئاماژەی بەوەش دا، "گرنگی ئەم پێشانگەیە ئەوەیە کە هونەر دەکات بە زمانێکی جیهانی بۆ گەیاندنی پەیام، چونکە کاریکاتێر بەبێ پێویستی بە قسە، دەتوانێت خەڵک بیر لە ژینگە بکاتەوە. هەروەها بەشداری هونەرمەندانی جیهانی وای لێدەکات ببێتە شوێنێک بۆ ئاڵوگۆڕی ئەزموون و بیرۆکە، و پیشاندانی توانای هونەری وڵاتان. بەشداریکردنی منیش وەک هونەرمەندێکی کورد لەم پێشانگایەدا نیشانەی گەیشتنی هونەری کوردییە بۆ ئاستێکی نێودەوڵەتی."

پێشانگەی نێودەوڵەتی کاریکاتێری هۆشیاری ژینگەیی، بڕیارە مانگی دووی ئایاری 2026، بەبەشداری 70 کاریکاتێرستی جیهان لە وڵاتی سعوودیە بەڕێوەبچێت.

گرفتار کاکەیی، هونەرمەندی کاریکاتێرست، لە ساڵی 1967 لە شاری کەرکووک لەدایک بووە، خولیای هونەر و وێنەکێشان دەبێت و دەیەوێت بچێتە هونەرە جوانەکان، بەڵام لەبەر ئەوەی نەبووە بە بەعسی بۆیە وەرنەگیراوە و بەو هۆیەوە بایەخی بە خوێندن نەدا و دوور کەوتەوە لە خوێندن. ساڵی 1991 کەرکووک بەجێ دەهێڵێت دەچێتە هەولێر و لەوێ نیشتەجێ دەبێت و دەبێتە کارمەندی وەزارەتی رۆشنبیریی. دوای رووخانی رژێمی بەعس لە 2003 دەگەڕێتەوە کەرکووک، ساڵی 2015 کوردستان جێ دەهێڵێت و روو دەکاتە هەندەران و لە ئەڵمانیا نیشتەجێ دەبێت، جگە لە هونەری شێوەکاریی، شارەزایی لە میوزیکدا هەیە و ژەنیاری ئامێری بزق و عوودە، تا ئێستا ئاوازی بۆ چوار گۆرانی داناوە و سێیان بۆ منداڵانە.