کۆشکی سپی و کۆنگرێس لەبارەی مۆڵەتی جەنگی ئێران لە گفتوگۆدان
بەرپرسانی ئیدارەی ترەمپ لە گفتوگۆی چڕدان لەگەڵ ئەندامانی کۆنگرێس سەبارەت بە وەرگرتنی مۆڵەتی یاسایی بۆ چالاکییە سەربازییەکان دژی ئێران، ئەمەش پێش ئەوەی سبەی هەینی وادە یاساییەکە کۆتایی بێت.
پێنجشەممە 30ـی نیسانی 2026، ئاژانسی "سی بی ئێس"ـی ئەمریکی بڵاویکردەوە، بەگوێرەی بڕیارنامەی دەسەڵاتەکانی جەنگی ساڵی 1973، سەرۆکی ئەمریکا دوای دەستپێکردنی هەر ململانێیەکی سەربازی نوێ، تەنیا 48 کاتژمێری لەبەردەمدایە بۆ ئاگادارکردنەوەی کۆنگرێس، دوای ئەوەش مۆڵەتێکی 60 رۆژیی بۆ دەستپێدەکات، ئەگەر لەو ماوەیەدا کۆنگرێس بە فەرمی مۆڵەتی بەکارهێنانی هێز پەسەند نەکات، دەبێت سەرۆک کۆتایی بە ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکان بهێنێت، ئەو وادە 60 رۆژییە سبەی هەینی 1ـی ئایار کۆتایی دێت.
لەمبارەیەوە، مایک جۆنسن، سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەرانی ئەمریکا لە پارتی کۆماری رایگەیاندووە، پێویست ناکات کۆنگرێس دەنگ لەسەر پەسەندکردنی ئۆپەراسیۆنەکانی دژی ئێران بدات، چونکە بە گوتەی ئەو ئەمریکا لە جەنگدا نییە.
جۆنسن بە کەناڵی (NBC News)ـی راگەیاند: "لە ئێستادا هیچ بۆردومانێکی چالاک یان پێکدادانێکی سەربازی نییە، بەڵکو ئێمە هەوڵ دەدەین ئاشتی بەدی بهێنین."
لەلایەکی دیکەوە، ئانا کێلی، جێگری گوتەبێژی کۆشکی سپی رایگەیاند، سەرۆک ترەمپ لە سەرەتای دەستپێکردنی "ئۆپەراسیۆنی تووڕەیی داستان ئاسا تاوەکو ئێستا لەگەڵ کۆنگرێس راشکاو بووە و بەرپرسانی ئیدارەکە زیاتر لە 30 کۆبوونەوەی زانیاریبەخشیان بۆ ئەندامانی کۆنگرێس لە هەردوو پارتی کۆماری و دیموکرات ئەنجامداوە بۆ ئاگادارکردنەوەیان لە گۆڕانکارییە سەربازییەکان.
جێگری گوتەبێژی کۆشکی سپی جەختیشی کردەوە، "کارە لە پێشینەکانی سەرۆک ترەمپ هەمیشە دیپلۆماسییە و ئێرانیش دەیەوێت رێککەوتن بکات."