ئەمریکا هاوکارییە داراییەکانی ئۆکرانیا دەبڕێت

وەزارەتی جەنگی ئەمریکا رایگەیاند، لە پێشنیازی بودجەی ساڵی دارایی 2027ـدا، هیچ تەرخانکردنێکی نوێ بۆ هاوکارییە دارایی و سەربازییەکانی ئۆکرانیا جێگیر نەکراوە.

پێنجشەممە 30ـی نیسانی 2026، جولس هێرست، بەڕێوەبەری کاربەڕێکەری کاروباری دارایی لە وەزارەتی جەنگی ئەمریکا، لە کاتی دانیشتنێکی لێپرسینەوە لە ئەنجوومەنی پیرانی وڵاتەکەیدا، ئەو زانیارییانەی پشتڕاستکردەوە، هێرست لە وەڵامی پرسیاری یاسادانەراندا گوتی: "بەڵێ، ئەوە راستە؛ ئەم بودجەیە هیچ تەمویلێکی تێدا نییە بۆ دەسپێشخەریی هاوکاریی ئۆکرانیا. 

ئەم بڕیارەی ئەمریکا لە کاتێکدایە، لە سەرەتای دەسپێکی هێرشەکانی رووسیا بۆ سەر ئۆکرانیا لە شوباتی 2022ـەوە، ئەمریکا گەورەترین و سەرەکیترین دابینکەری هاوکارییە دارایی و سەربازییەکان بووە بۆ کیێڤ.

بەگوێرەی ئامارە فەرمییەکان، قەبارەی هاوکاری و پابەندییە داراییەکانی ئەمریکا بۆ ئۆکرانیا لە ماوەی سێ ساڵی رابردوودا لە شوباتی 2022 تاوەکوو سەرەتای 2025 گەیشتووەتە زیاتر لە 123 ملیار دۆلار، بەڵام نەبوونی ناوی ئۆکرانیا لە پلانی بودجەی 2027ـدا ئاماژەیە بۆ ئەگەری گۆڕانکاری لە سیاسەتی داهاتووی واشنتن بەرامبەر بەو جەنگە.