چین تۆمەتەکانی ئەمریکا سەبارەت بە هاوکاریی سەربازی لەگەڵ ئێران رەتدەکاتەوە
فو کۆنگ، نوێنەری هەمیشەیی چین لە نەتەوە یەکگرتووەکان، هەبوونی هەر جۆرە هاوکارییەکی سەربازیی نێوان پەیژین و تاران رەت دەکاتەوە.
هەینی 1ـی ئایاری 2026، فو کۆنگ، نوێنەری هەمیشەیی چین لە نەتەوە یەکگرتووەکان، لە وەڵامی تۆمەتەکانی واشنتن لە بارەی هەبوونی هاوکاریی سەربازی نێوان چین و ئێران رایگەیاند: "هیچ هاوکارییەکی سەربازی لە نێوان چین و ئێراندا نییە و ئێمە ئاگاداری ئەو تۆمەتانەین کە هەندێک لە بەرپرسانی ئەمریکا بڵاوی دەکەنەوە".
ئەم رەتکردنەوەیەی چین دوای ئەوە دێت، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا، رایگەیاندبوو، سەرسامە بەوەی چین هەندێک بارو کەرەستەی بۆ ئێران ناردووە و بانگەشەی ئەوەی کردبوو کە هێزی دەریایی ئەمریکا ئەو بارانەی لەسەر کەشتییەکی ئێرانی گرتووە، هاوکات شانگ شیاو شانگ، گوتەبێژی وەزارەتی بەرگری چین، پێشتر جەختی کردبووەوە، وڵاتەکەی نە سیستەمی بەرگریی ئاسمانی و نە درۆنی نەداوە بە ئێران و چاودێرییەکی توندی هەناردە سەربازییەکانیان دەکەن.
نوێنەرەکەی چین هاوسۆزیی وڵاتەکەشی بۆ گەلی ئێران دەربڕی و گوتی: "بە توندی هاوسۆزی ئەو فشارانەین کە گەلی ئێران بەهۆی ئەم شەڕە نایاساییەی بەسەریاندا سەپێنراوە بەرگەی دەگرن، هیوادارین هەوڵەکانمان ببێتە هۆی راگرتنی کردە جەنگییەکان".
چاودێرانی سیاسی ئاماژە بەوە دەکەن، چین سیاسەتی هاوسەنگیی کرداری پەیڕەو دەکات، لە کاتێکدا بە کڕینی 87.2%ـی نەوتی ئێران و پشتگیریی دیپلۆماسی، پارێزگاری لە بەرژەوەندییە ستراتیژییەکانی لەگەڵ تاران دەکات، بەڵام لە هەمان کاتدا هێڵێکی سووری بۆ هاوکاریی سەربازیی راستەوخۆ کێشاوە، تاوەکو خۆی لە رووبەڕووبوونەوەی راستەوخۆ لەگەڵ ئەمریکا بپارێزێت و پەیوەندییە ئابوورییەکانی لەگەڵ وڵاتانی کەنداوی عەرەبیش تێک نەچێت.